هۆنراوه‌کانی
هێمن موکریانی
کوردم ئه‌من
گه‌رچی تووشی ڕه‌نجه‌ڕۆیی و حه‌سڕه‌ت و ده‌ردم ئه‌من
قه‌ت له ده‌س ئه‌م چه‌رخه سپڵه نابه‌زم، مه‌ردم ئه‌من
ئاشقی چاوی که‌ژاڵ و گه‌ردنی پڕ خاڵ نیم
ئاشقی کێو و ته‌لان و به‌نده‌ن و به‌ردم ئه‌من
گه‌ر له برسان و له بێ به‌رگی ئیمڕۆ ڕه‌ق هه‌ڵێم
نۆکه‌ری بێگانه ناکه‌م تا له‌سه‌ر هه‌ردم ئه‌من
من له زنجیر و ته‌ناف و دار و به‌ند باکم نییه
له‌ت له‌تم که‌ن، بمکوژن، هێشتا ده‌ڵێم کوردم ئه‌من
.:هێمن:. 1942
.:هێمن:. 1942
.:هێمن:. 1942
ئه‌مه‌گی گوڵان
هاته‌ده‌ر مانگی یه‌که‌می به‌هار
مێلاقه سووره له لێوی جۆبار
هه‌روا که‌مێک دوور وه‌نه‌وشێک بوو شین
وه‌نه‌وشێکی چۆن؟ مل که‌چ و سه‌رشین
به وه‌نه‌وشه‌ی گوت، مێلاقه جارێک
له‌مێژه هه‌مه له تۆ پرسیارێک
ئه‌تۆ که په‌لکت وا سوور و گه‌شه
ده‌روونت بۆچی خه‌ڵووزی ڕه‌شه؟
مێلاقه :
چت له‌وه‌ی داوه ده‌س هه‌ڵگره لێم
ڕازی ده‌روونم بۆ به تۆ بڵێم
وه‌نه‌وشه :
سوێندت بۆ ده‌خۆم هه‌تا بمێنم
ئه‌و ڕازه له کن که‌س نه‌درکێنم
مێلاقه :
ده‌س هه‌ڵناگری،گوێ ڕاگره بۆم
تاکو پێت بڵێم ده‌ردی دڵی خۆم
ئه‌من له خاکی کو‌ردی ڕواوم
به ئاوی ساردی کانی دێراوم
به شه‌وبای چیای بڵند و سه‌رکه‌ش
ڕه‌نگی په‌لکی من بووه سوور و گه‌ش
چاکه‌ی کوردانم له چاوی دایه
له ناو گوڵان دا ئه‌وه ڕه‌وایه
کورد وا هه‌ژارن من هه‌ژار نه‌بم
ئه‌وان داخدارن، من داخدار نه‌بم
ده‌روونم ڕه‌شه، جه‌رگم سووتاوه
وه‌تی کوردستان داگیر کراوه
لۆمه‌ی من ده‌که‌ی ونه‌وشه؟! که‌چی
بۆ خۆت سه‌رشین و دژ و ملکه‌چی
وه‌نه‌وشه :
منیش به ده‌ردی تۆ گرفتارم
په‌روه‌رده‌ی خاکی کو‌ردی هه‌ژارم
که تۆ هه‌ناوت بۆ کو‌ردی بوه ڕه‌ش
منیش بۆ کو‌ردی سه‌رم نا له هه‌ش
به ملی که‌چم وه‌ک کو‌ردی ده‌چم
که کورد ملکه‌چن، منیش ملکه‌چم
هیمن
ئاواتی به‌رز
لاگری سوڵحه ته‌واوی ڕه‌نجبه‌ری وشیاری کورد
چاوه‌نۆڕی ده‌رفه‌تێکه خه‌ڵکی لادێ و شاری کورد
کوندی شوومی شه‌ڕ له زه‌ندۆلان خزی به دزی و فزی
کۆتری سوڵح و ئاشتی نیشتووه له سه‌ر دیواری کورد
.....
ده‌ستی دا ده‌ستی برای و هاته ناو کۆڕی خه‌بات
کیژی نه‌شمیل و له‌بار و شۆخ و گوێ به‌گواری کورد
کورد گوتوویه سوار هه‌تا نه‌گلێ قه‌ت نابێ به سوار
ئێسته چابوک سواره، چونکه زۆر گلاوه سواری کورد
.....
فێری زۆر ده‌رسی به‌که‌ڵک و باشی کرین تێشکان
جا ببینه ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی ئه‌مجاری کورد
به‌یت و بالۆره‌ی هه‌زار جار بۆ بڵێ کۆنه‌په‌رست
تازه وێژینگێکی نادا دیده‌که‌ی بێداری کورد
.....
ڕۆژ به ڕۆژ قایمتره، مه‌حکه‌متره، بڕوایه‌که‌ی
ده‌م به ده‌م چاکتر ده‌بێ ، باشتر ده‌بێ، ئاکاری کورد
بێ وچان ده‌ڕواته پێش و ڕێگه ده‌بڕێ بۆ هه‌ده‌ف
زۆر له ساڵان ڕوونتره ئه‌وساڵه‌که ئه‌فکاری کورد
.....
کورد به‌زینی بۆ نه‌بوو، ده‌ستی نه‌دا، با دوژمنیش
ڕانه‌وه‌ستابێ له تاڵان و بڕۆ و کوشتاری کورد
ئه‌و له ئازار و شکه‌نجه‌ی قه‌ت نه‌بوو خافڵ، به‌ڵام
کو‌ردی کردۆته سماته جه‌زره‌به و ئازاری کورد
.....
سه‌د هه‌زار به‌رگێڕه‌وه‌ی با بێته سه‌ر ڕێ، ئاخری
هه‌ر ده‌گاته مه‌نزڵی ئاوات و خۆشی باری کورد
مافی کو‌ردی هه‌ر ده‌بێ بستێندرێ، بستێندرێ
دوژمنی کورد تێ گه‌یشتووه ناکرێ باشاری کورد
.....
وا گزینگی دا به‌یانی جوانی ئازادی به‌شه‌ر
ڕۆژی ڕوناکه، نه‌ماوه زوڵمه‌تی شه‌وگاری کورد
نایه‌وێ یاریده‌دان و کۆمه‌کی ئه‌سڵی چوار
جووجه‌ڵه‌ی ئاغای (ترۆمن) وێی که‌وت پللاری کورد
.....
هه‌رکه تووشی بوو ده‌ڵێ: ( یانکی گۆهۆم، یانکی گۆ هۆم)
تازه ده‌ستی ئه‌جنه‌بی ناتوانێ بگرێ زاری کورد
تووڕه‌یی خه‌ڵکی که دی وا کلکی گرته ناو گه‌ڵۆز
دوژمنی خوێڕی، وه‌کوو ڕێوی له ترسی داری کورد
.....
دێته سه‌ر ڕێبازی ڕاست و دێته ناو کۆڕی خه‌بات
خواره‌پێچه‌ی لێ بڕاوه پیاوی خێچ و خواری کورد
هێزی بێگانه‌ی له پشت خۆی دیبوو، بۆیه وای ده‌کرد
باری هێلکان نابزێوێ خاینی لاساری کورد
.....
دانه‌نیشێ گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و په‌تک و سینگه بێگومان
تۆ له ئه‌ستۆیدا ده‌بینی په‌تک و گوێله‌وساری کورد
تێک ده‌ده‌ن کۆشکی بڵیندی مفته‌خۆری زگ زه‌لام
پاڵه و جوتیاری برسی، کارگه‌ری بێ‌کاری کورد
.....
دیوته چۆن خۆی شارده‌وه خوێڕیانه وه‌ک ئاغایه‌که‌ی!
ئه‌و گزیره به‌دفه‌ڕه‌ی ده‌نگی ده‌دا بێگاری کورد
خۆی له‌به‌ر لافاوی قینی توندی گه‌ل ڕاناگرێ
دوژمنی وه‌حشی و ده‌ڕنده و زاڵم و زۆرداری کورد
.....
ده‌چته سه‌ردارێ له ڕۆژی ئینتیقام و تۆڵه‌دا
ئه‌و که‌سه‌ی کوشتی به ناهه‌ق پێشه‌وا و سه‌رداری کورد
نایه‌ڵن ئادار به‌سه‌ر پاداری ئه‌و ده‌رباره‌وه
چونکه ده‌یگوت نایه‌ڵم ئاداری کورد، پاداری کورد
.....
"پاش قڕانی مودده‌عی ده‌س پێده‌که‌ن ته‌عمیری موڵک"
دێته دی ئاواتی به‌رزی "ئه‌حمه‌دی موختاری کورد"
"ڕێگه‌یی ئاسن ده‌چێته شاخی هه‌ورامانه‌وه"
هه‌رکه که‌وته ده‌ستی کو‌ردی چاره‌نووس و کاری کورد
.....
مه‌دره‌سه و دانیشکه‌ده بۆ شار و لادێ داده‌نێن
خوێنده‌وار بێ تاکو ڕۆڵه‌ی زیره‌ک و ئازادی کورد
ئه‌و زه‌مانه شیرنه‌ی ئێمه په‌ره‌ی ده‌گرێته‌وه
نادڕێ چیدی کتێب و ده‌فته‌ری ئه‌شعاری کورد
.....
بێ بره‌و نابێ مه‌تاعی کورده‌واریمان ئیتر
ڕه‌ونه‌قی په‌یدا ده‌کا ئه‌و جاره‌که بازاڕی کورد
داده‌مه‌زرێنن له گشت شاری وڵات کارخانه‌یه‌ک
تا به ده‌ستی خۆی ڕه‌نێو بێ به‌رهه‌م و کرگاری کورد
.....
به‌ر ده‌ده‌ن گاجووتی له‌ڕ، سواری تڕاکتۆران ده‌بن
دێته ده‌ر بووره و به‌یار و به‌نده‌ن و نیساری کورد
کشتوکاڵ و جووت و گامان دێته سه‌ر باری له‌بار
پڕ ده‌بێ تێڕ و جه‌واڵ و مشت ده‌بێ عه‌مباری کورد
.....
خه‌سته‌خانه‌شمان ده‌بێ، دوکتور و ده‌رمانیش فره
ناکه‌وێ تازه له کوچان خه‌سته و بیماری کورد
به‌ختیار و خوێنده‌وار و ساغ و تێر و پڕ ده‌بێ
دێته ده‌ر ماکه‌ی نه‌هاتی و نه‌گبه‌تی و ئیدباری کورد
.....
ده‌ست له ئه‌ستۆی یه‌ک ده‌که‌ن ئازاد و شاد و به‌خته‌وه‌ر
کیژ و کوڕ، لاو و گراوی ، دلبه‌ر و دڵداری کورد
بۆنی ڕزگاریت له شیعری دێ چ جوانت هۆنده‌وه
ئه‌ی هه‌ژار، ئه‌ی شا‌عیری تێکۆشه‌ری ناوداری کورد
.....
(کۆتری پیکاسۆ که موژده‌ی هێمنی هێنا، گوتی :)
مرد، به‌سه‌رچوو، ڕۆژی ئیستیعباد و ئیستیسماری کورد
ئه‌ی مه‌لی خۆش خوێنی ئاواره و ته‌ره و بێ ئاشیان
موژده بێ زوو دێیه‌وه ناو میلله‌تی ڕزگاری کورد
بولبوله سه‌رمه‌سته‌که‌ی باخی موکوریان ئه‌و چه‌لیش
تێر بخوێنه، ده‌نگ هه‌ڵێنه تۆ له‌ناو گوڵزاری کورد
.....
خۆشه‌ویستی میلله‌تی خۆتی له‌بیر چۆن ده‌چییه‌وه ؟
چاوه‌ڕێته ئێسته‌کانه شاری بێ ئه‌غیاری کورد
ئه‌وژیانه‌ی بێ تۆ ڕای ده‌بوێرێ "هێمن" مردنه
بێکه‌سێکه پاشی تۆ و پاشی سه‌ره‌ک کۆماری کورد
هیمن
ئاره‌ق و تین
پێش ئه‌وه‌ی گزنگی هه‌تاو
ترۆپکی چیا بنگێوێ
پێش ئه‌وه‌ی شنه‌ی به‌یانی
بسکی به‌ره‌زا ببزێوێ
.....
پێش ئه‌وه‌ی قاسپه‌ی خاسه‌که‌و
له زه‌رد و ما ده‌نگ داته‌وه
پێش ئه‌وه‌ی بولبول بخوێنێ
خونچه ده‌می بکاته‌وه
.....
پێش ئه‌وه‌ی سێڕه‌ی هه‌ڵۆیان
په‌رده‌ی بێده‌نگی دادڕێ
پێش ئه‌وه‌ی چوڕه‌پۆپنه‌کی
به‌ره‌و ڕوناکی بفڕێ
.....
پێش ئه‌وه‌ی شه‌می سه‌رچاکی
ئاخر فرمێسکی هه‌ڵوه‌رێ
پێش ئه‌وه‌ی گژه‌بای تووڕه
ژیله‌مۆی په‌پووله به‌رێ
.....
پێش ئه‌وه‌ی لاوی به‌خته‌وه‌ر
ده‌م ڕاگوێزێ له‌سه‌ر خاڵان
پێش ئه‌وه‌ی شه‌وگه‌ڕی دڵته‌ڕ
وه‌ڕه‌ز بێ له ماڵه‌و ماڵان
.....
پێش ئه‌وه‌ی بێری شل و مل
چاوی خه‌واڵووی هه‌ڵبێنێ
پێش ئه‌وه‌ی شوان مه‌ڕی شه‌وێن
وه‌گێڕێ، به‌ردا ده‌سبێنێ
.....
پێش ئه‌وه‌ی پۆلی نه‌شمیلان
شل شل داگه‌ڕێن بۆ کانی
پێش ئه‌وه‌ی سه‌رکانی و ده‌راو
ژاوه‌ی بێ له په‌ری جوانی
.....
پێش ئه‌وه‌ی حاجی سه‌له‌مخۆر
هه‌ژارێک هه‌ڵنێ به ته‌مال
پێش ئه‌وه‌ی ڕێچکه ببه‌ستن
بۆ مزگه‌وتێ شان به به‌رماڵ
.....
پێش ئه‌وه‌ی ده‌روێشی چڵکن
په‌نجه‌ی خه‌ڵیفه‌ی کوشیبێ
پێش وه‌ی شێخ وه‌ک تارمایی
به‌ره‌و خانه‌قا خوشیبێ
....
پێش ئه‌وه‌ی گزیری به‌دفه‌ڕ
له دیوه‌خان پاروو بادا
پێش ئه‌وه‌ی خاتوونێک به‌ناز
په‌رده‌ی کۆشکی ئاغا لادا
.....
من کاوی خۆم له کار دیوه
من جه‌رگی زه‌ویم دڕیوه
من شێله‌گه‌م هه‌ڵبڕیوه
من یه‌کسه‌ریم ئاخنیوه
.....
من ڕێزه سواڵه‌م داناوه
شه‌غره وێنجه‌م پێوه داوه
من گاگێره‌م تێر کراوه
یاخۆیانم وه‌رگێڕاوه
هاوین و پایز و به‌هار
هه‌تاو لێی نه‌داوم بێکار
.....
من جوتیارم، من جوتیارم
من له‌گه‌ڵ هه‌تاو هاوکارم
من به ئاره‌ق و ئه‌و به تین
دامان ڕشتووه بناغه‌ی ژین
باسکی من و تیشکی ئه‌وی
بژیوده‌ستێنین له زه‌وی
گه‌ر جوتیار ئاره‌ق نه‌ڕێژێ
گه‌ر هه‌تاو تیشک ناوێژێ
دانیشتووی ناو کۆشک و قه‌ڵا
ده‌خۆن نانی گه‌ڵا گه‌ڵا؟
.....
به‌لام حه‌یف ئێستاش لێره
من برسیم و که‌سێک تێره
نه قه‌ت ئاره‌قی ئه‌سڕیوه
نه قه‌ت گه‌وزی هه‌ڵبڕیوه
نه مه‌چه‌کی جه‌مام بووه
نه چۆڵه‌مه‌ی له جێ چووه
نه ئه‌نگوستی ڕاگیراوه
نه داسۆ له چاوی داوه
نه دڵی پێی دڕ دڕ بووه
نه بن هه‌نگڵی خڕ بووه
نه که‌فی ده‌ر دا به کڵۆ
نه په‌نجه‌ی ده‌ری کرد دڵۆ
نه ده‌ستی پاشباره‌ی ناسی
نه ساوێکی دا له داسی
نه به گه‌رما داهێزاوه
نه خه‌وی له چاوی زاوه
نه به سه‌رمایه ته‌زیوه
نه له کای پایز خزیوه
نه نووسه‌که‌ی پێوه نووسا
نه له به‌ر بارانێ خووسا
نه زوقمی به‌سه‌ر دا باری
نه له قوڕ دا که‌وت باری
نه دی شه‌و و شه‌ونخوونی
نه چێشتی ده‌ردی نه‌بوونی
.....
تاکه‌ی وابم، تاکه‌ی وابم
ده‌س به‌تاڵ و ڕه‌نج به با بم
تاکه‌ی ڕه‌نجی شان و پیلم
بۆ دوژمن بێ، بۆ من دیلم؟
نا، نا ، تازه ڕاپه‌ڕیوم
ناتوانن بده‌ن فریوم
ڕێبازی شۆڕش به‌رناده‌م
مه‌ودا به داگیرکه‌ر ناده‌م
له شان و باهۆی خۆم ڕادی
هه‌ڵگرم ئاڵای ئازادی
هیمن
ئاره‌زووی فڕین
ژین به یه‌خسیری و دیلی بێ که‌ڵکه
بۆیه له‌مێژه له ژینم تێرم
گوزه‌ران بۆ من له‌ناو ئه‌م خه‌ڵکه
سه‌خته، ناخۆشه، چۆنی ڕابوێرم
.....
هێزم لێ بڕا تاکه‌ی ده‌ربه‌رم
له ناو مه‌ینه‌ت و ده‌ردی سه‌رزه‌مین
ئه‌وه به‌ینێکه که‌وتۆته سه‌رم
بیری ئازادی و ئاره‌زووی فڕین
.....
به‌لام داخه‌که‌م نیمه باڵ و په‌ڕ
که بفڕ‌م ، بڕۆم خۆم بده‌م نه‌جات
بچمه شوێنێکی لێی نه‌بێ به‌دفه‌ڕ
له باوه‌ش بگرم نۆبووکی ئاوات
.....
ئه‌ی سروه باکه‌ی به‌یانی! وه‌ره
به شنه‌شن و، پشووی خۆت توند که
له‌سه‌ر ئه‌و دونیا نه‌ویه‌م لابه‌ره
هه‌تا ده‌توانی ئه‌من بڵند که
.....
نا نا هه‌وه‌ره ڕه‌ش! ئه‌وڕۆ نه‌وی به
له‌و به‌رزانه‌وه وه‌ره به‌ره‌و خوار
که‌م که‌مه وه‌ره ڕێکی زه‌وی به
له‌سه‌ر پشتی خۆت ئه‌من بکه سوار
.....
ئه‌وجار هه‌سته‌وه، بڕۆ به‌ره‌و ژوور
مه‌وێسته هه‌تا ته‌شکی ئاسمان
بمبه‌ره نێزیک ئاسۆی جوان و سوور
نه‌جاتم بده له کاولی خه‌مان
شیلاناوێ 1328
هیمن
یادم بکه
له‌وده‌مه‌ی دا پیاڵه ده‌درێن له پیاڵه
له‌و ده‌مه‌ی دا لێوتان به باده ئاڵه
له‌و ده‌می دا کۆڕی شادی ده‌به‌ستن
له‌و ده‌مه‌ی دا سه‌رخۆش و مه‌ستی مه‌ستن
له‌و ده‌مه‌ی دا که ده‌گرن باز و ده‌روان
له‌و ده‌مه‌ی دا ده‌س ده‌گێڕن له به‌روان
له‌و ده‌مه‌ی دا ده‌س له به‌ژنان وه‌ردێنن
له‌و ده‌مه‌ی دا به‌رکۆژه ده‌ترازێنن
له‌و ده‌مه‌ی دا گه‌ڕی ڕه‌شبه‌ڵه‌ک گه‌رمه
له‌و ده‌مه‌ی دا ده‌کوشن کام په‌نجه نه‌رمه
له‌و ده‌مه‌ی دا دۆ ده‌که‌ونه خۆ ڕانان
له‌و ده‌می دا که ده‌کوشن گو‌ڵمه‌ی ڕانان
له‌وده‌مه‌ی دا تامه‌زرۆن له جێ ژوانان
له‌وده‌مه‌ی دا به خۆوه ده‌کوشن جوانان
له‌وده‌مه‌ی دا گڕ ده‌گرێ مه‌یل و تاسه
له‌و ده‌مه‌ی دا تێک هه‌ڵده‌نگوون هه‌ناسه
له‌و ده‌مه‌ی دا که ده‌مژن شه‌کره لێوان
له‌و ده‌مه‌ی دا نه‌بێ له‌مپه‌ر و نێوان
له‌و ده‌مه‌ی دا پۆلی بێریان ڕاده‌برن
له‌و ده‌مه‌ی دا کیژ چاوتان لێ داده‌گرن
له‌و ده‌مه‌ی دا گوێ هه‌ڵده‌خه‌ن بۆ تارێ
له‌و ده‌مه‌ی دا (ماملێ) ده‌ڵێ قه‌تارێ
یادم بکه‌ن، یادی منی دوور وڵات
یادی منی ڕێبواری ڕێگای خه‌بات
یادی منی بێ به‌ش له خۆشی و شادی
یادی منی سه‌وداسه‌ری ئازادی
یادگاری شیرن
چاوه‌که‌م! چاوی ڕه‌شی تۆ ئافه‌تی گیانی منه
گیانه‌که‌م! برژانگی تیژت نووکه ڕمبی دوژمنه
شیری ده‌ستی شێری ئاڵایه برۆ ڕاکشاوه‌که‌ت
جه‌رگی لاوێکی هه‌ژاری کو‌ردی ورد پێ بنجنه
دیده‌که‌ی به‌خوماری تۆ، تورکانه به‌دمه‌ستی ده‌کا
بۆیه مه‌یلی وا به کێشه و فیتنه و خوێن ڕشتنه
به‌ژنه‌که‌ت سێداره‌یه، که‌زیه‌ت ته‌نافه، زووبه ده‌ی!
بیخه ئه‌ستۆی من که کوردم، کورد به‌شی خنکاندنه
زامی جه‌رگی من به فه‌رمووده‌ی گراوی سواری کورد
مه‌لهه‌می هه‌ر ژه‌نگی گواره وئاره‌قی به‌رگه‌ردنه
ئاره‌زوومه هیچ نه‌بێ جارێکی ماچ که‌م زاری تۆ
ئاره‌زووی من چووکه، ئه‌مما تا بفه‌مووی شیرنه
دڵ به گرمه‌ی تۆپی گه‌وره‌ی دوژمنیش ڕانه‌چڵه‌کێ
داده‌خورپێ ئه‌م دڵه ئه‌مما به خرمه‌ی بازنه
خه‌ڵکی دنیا ڕازی دڵداری به بێته‌ل پێک ده‌ڵێن
ڕاسپارده‌ی لاو و کیژی کورده ئێستاکه‌ش شنه
ڕۆژی به‌ختی هه‌ر له‌ژێر هه‌ورێکی ڕه‌ش دا لاوی کورد
تاکوو ڕوخساری کچی شاری له پێش چاوان ونه
نایه‌ڵێ گۆشه‌ی برۆکه‌ت ده‌رکه‌وێ چارشێوه‌که‌ت
ئه‌ی له ده‌س ئه‌و چڵکه هه‌وره مانیعی مانگ گرتنه
چۆن ده‌بێ سه‌ربه‌ست، گه‌لی ژێرده‌ست، که کچ دابه‌سته بێ؟!
به‌س نه‌بێ ئه‌و کۆیله‌تی و ئه‌و کچ له ژوور دابه‌ستنه!
ده‌رکی داخستوه له تۆ بابت که‌چی ده‌رکی نیه
ده‌رکه داخستن له تۆ ، ده‌رکی هومێد داخستنه
داڕزینه، مردنه، ئاخر هه‌تا که‌ی پێت بڵێن
نابێ بێته‌ده‌ر له ماڵێ، مافی ژیانی کوا؟ ژنه
لاده چارشێوی ڕه‌شت با ده‌رکه‌وێ کوڵمه‌ی گه‌شت
چون له قه‌رنی بیسته‌ما زۆر عه‌یبه ئه‌و ڕووگرتنه
کیژی خه‌ڵکی بۆمی ئاتۆمی دروست کرد و ئه‌تۆش
هه‌ر ده‌زانی ناوی(ئه‌ستێوڵک) و (ده‌رخۆنه) و (پنه)
فێری زانست و هونه‌ر بوو ئه‌و له سایه‌ی خوێندنی
تۆش ته‌شیمان بۆ ده‌ڕێسی یادگاری شیرنه
ئه‌و به ئاسمانا فڕی، دنیا گه‌ڕا، چوه بن به‌حر
ده‌ک نه‌مێنم کاری ئێوه‌ش هه‌ر له ژوور دانیشتنه
کوڕ به‌زێنه ئه‌و له عیلم و ئه‌و له کار و سه‌نعه‌تا
گۆره‌ویشه سه‌نعه‌تی تۆ، پێت خه‌نی بووم بیچنه!!
ئه‌و په‌چه و ڕووبه‌ند و چارشێوه‌ی نه‌دیوه نه‌نکی تۆ
ئه‌و شڕ و شاڵاته دیاری دوژمنی دڵ چڵکنه
کیژی شێخ و کیژی حاجی و کیژی ئاغا ڕه‌نجه‌ڕۆن
کیژی ئازاده ئه‌وی ژینی به نووکی گاسنه
شه‌نگه‌بێری یار و ده‌سباری کوڕی کۆچه‌ر نه‌بێ
چۆن ده‌گاته جێ هه‌وار و هۆبه ئه‌و بارگه و بنه؟
قه‌ڵشی ده‌ست و کوڵمی سووتاوی کچی لادێ نه‌بێ
چۆن ده‌گاته ده‌ستی ده‌سبڕ ئه‌و هه‌موو تا تووتنه؟
نیسک و نۆک و ماشی ناو عه‌مباری ئاغای مفته‌خۆر
پاک له سایه‌ی ده‌سکه‌نه‌ی(زین) و (مرۆت) و (سوێسنه)
شۆڕه‌ژن بنکۆڵ نه‌کا بڕکه‌ی به قرچه‌ی نیوه‌ڕۆ
چۆن له کاڵه‌ک تێر ده‌بێ ئه‌و زگ زله بێستان ڕنه؟
کوا مه‌تاعی کورده‌واریمان ده‌چوو بۆ هه‌نده‌ران؟
گه‌ر به سه‌ربه‌ستی نه‌ژیابا ئه‌و کچه مازووچنه
بێر و هاوێری له گه‌ڵ کاکی نه‌کردبا بن پشک
چۆن ده‌مانبوو ئه‌و هه‌موو گۆشت و په‌نیر و به‌رگنه ؟
ده‌ست و که‌رکیتی کچی نازداری هه‌وشاری نه‌با
چۆن ده‌ڕازاوه به قاڵی شار و بازاڕی سنه ؟ قالی = فه‌رش، مافوره
با هه‌زار(زێ) و (گاده‌ر) و (لاوێنی) ڕوونیشمان هه‌بێ
تاکوو ژن ئازاد نه‌بێ، سه‌رچاوه‌که‌ی ژین لیخنه
کۆیله‌تی باوی نه‌ماوه، کیژی کو‌ردی خۆشه‌ویست!
ڕاپه‌ڕه، هه‌سته له‌خه‌و، ئاخر چ وه‌ختی خه‌وتنه ؟
ده‌رکه بشکێنه، په‌چه بدڕێنه، ڕا‌که مه‌دره‌سه
چاری ده‌ردی کورده‌واری خوێندنه، هه‌ر خوێندنه
دایکی زانایه کوڕی ئازا ده‌نێرێته خه‌بات
من گوتم تۆش تێبگه(ناگاته ده‌ریایه زنه)
گواره‌که‌ی زێڕت به‌کار نایه، له گوێ بگره قسه‌م
لایقی گوێی تۆ عه‌زیزم شیعری ساده‌ی (هێمنه)
مه‌هاباد ـ 1946
هیمن
عیشق و ئازادی
ئه‌گه‌رچی شه‌و دره‌نگه ساقی بۆم تێکه که‌مێکی تر
که وا ئه‌مشه‌و سه‌ری هه‌ڵدا له ناخم دا خه‌مێکی تر
له باده ئه‌م ژه‌مه تێرکه منی تینووی جگه‌ر سووتاو
به چی دیاره که ده‌ی بینم، شه‌وێکی تر، ژه‌مێکی تر
ئه‌وه‌نده ده‌رده‌دار و بێ په‌رستارم که پێم وایه :
له‌سه‌ر که‌یکی ته‌مه‌ن هه‌ڵناکرێ تازه شه‌مێکی تر
گه‌لێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد ، ئاخۆ
مه‌رگ مه‌ودا ده‌دا دیسان ببینم سه‌رده‌مێکی تر !گه‌یش
تمه سه‌ر ترۆپکی ئاره‌زوو ڕۆژێ، که‌چی ڕوانیم :
له پێشمدایه زه‌رد و ماه و سه‌خت و ئه‌سته‌مێکی تر
هه‌تا چارشێو به سه‌ر تۆوه ده‌بینم نازه‌نینی کورد
به سه‌ر بیبیله‌که‌ی چاوی منا ده‌کشێ ته‌مێکی تر
نه‌ما (خانی) هه‌تا چیرۆکی عیشقی من و تۆ داڕێژێ
ده‌نا هێشتا له کوردستان ده‌ژین (زین و مه‌م)ێکی تر
په‌پووله‌ی خۆشه‌ویستی من له شوێنێ ناگرێ ئارام
ده‌نیشێ و باڵی ده‌بزێوێ له سه‌ر سینه و مه‌مێکی تر
هه‌زار هێنده په‌رێشان و سیاچاره بژیم هێشتا
له نێو دڵدا هه‌مه ئاواتی خاڵ و په‌رچه‌مێکی تر
هه‌تاکوو دوا پشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئه‌گه‌ر بێجگه له ناکامی نیبینم به‌رهه‌مێکی تر
که فرمێسکم له سه‌ر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی ،
گوتم : یاخوا له سه‌ر سوورگوڵ نه‌بینم شه‌ونمێکی تر
شه‌وێکی چاوه‌نواڕت بووم، نه‌هاتی گیانه‌که‌م ، ویستت
منی دڵ ناسکی شاعیر بگێڕم شیوه‌نێکی تر
خدر نیم بۆ ته‌مه‌ن شێت بم به کانیی ژینێدا نووسێم
ئه‌وه‌نده‌م ژین ده‌وێ تا ده‌م ده‌نێمه نێو ده‌مێکی تر
به تۆ چاره‌ی چلۆن ده‌کرێ ده‌روونی پڕ له ناسۆرم
خه‌ساری بۆ ده‌که‌ی دوکتۆری زانا مه‌رهه‌مێکی تر
به‌هار و گوڵ، کچ و مانگه شه‌و و، شیعری ته‌ڕ و باده
له‌وه‌ی زیاتر جه‌نابی شێخ گه‌ره‌کته عاله‌مێکی تر ؟
هێــمن
هێلانه‌ی به‌تاڵ
نییه باکم ئه‌گه‌ر زاڵم شکاندوویه‌تی باڵی من
ئه‌وه سه‌خته که وا ناگاته گوێی که‌س ناڵه ناڵی من
به‌هار هات و ته‌بیعه‌ت حوکمی ئازادی مه‌لانی دا
له‌ناو کونجی قه‌فه‌س دا دیاره چۆنه ئێسته حاڵی من
له گوڵزارێ ورینگه‌ی بولبولی سه‌رمه‌ست و شه‌یدا دێ
به‌ڵام نایه جریوێکیش له هێلانه‌ی به‌تاڵی من
له سه‌ر ناچێته ده‌ر ساتێ خه‌یاڵی بسکی خاوی تۆ
ئه‌گه‌رچی تێگه‌یشتم چاوه‌که‌م ، خاوه خه‌یاڵی من
ئه‌رێ ئه‌ی ئاسکی ناسک ! هه‌تا که‌ی ده‌سته‌مۆ نابی؟
ئه‌رێ پیرۆزه‌که‌ی خۆشفه‌ڕ ! هه‌تاکه‌ی نایه ماڵی من ؟
گوتت: بۆت دێمه جێژوانێ، هه‌زار سوێندت به شاڵم خوارد
له ئاهی ئاشقانه‌ی من بترسه ، نه‌ک له شاڵی من
که ماڵت بێ ، که‌ماڵت بۆ چییه له‌و شاره وێرانه
که ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی دی، گوڵم نه‌یویست که‌ماڵی من
ئه‌گه‌ر ده‌یزانی مانای خۆشه‌ویستی ئه‌و کچه کورده
به سه‌د یاقووت و گه‌وهه‌ر نه‌یده‌دا فرمێسکی ئاڵی من
ڕه‌ش و تار و درێژ و پڕ له ئازار و خه‌م و ده‌رده
به‌ڵێ شه‌وگاری دووری بوو سه‌راسه‌ر ژینی تاڵی من
هیمن
هه‌وتای ئیقباڵ
ڕۆیی خه‌م، هاته‌وه هه‌نگامی سروور
جێژنه‌یه، به‌زمه، زه‌ماوه‌نده، سوور
تیشکی زێڕینی هه‌تاوی ئیقباڵ
له کولا‌وکه‌ی گه‌لی کورد هاته ژوور
کوانێ؟ له کوێیه؟ ببینێ به‌زمم
بدڕێ دوژمنی خوێڕیی مه‌غروور
سه‌ربه‌خۆ بووین و له ژێر باری خه‌م
هاته ده‌ر میلله‌تی ئازا و جه‌سوور
هه‌ڵکراوه له وڵاتی ئێمه
په‌رچه‌می به‌رزی سپی و سه‌وز و سوور
خومی شێواوه، په‌رێشانه، کزه
دوژمنی قین له زگی ڕق ئه‌ستوور
کوڕی کورد حازره به خوێنی خۆی
له هه‌موو لاوه بپارێزێ سنوور
کچه‌که‌ی حازره فیشه‌کدانی
له ملیدا بێ له باتی به‌رموور
تازه ناوێرێ به خاکی کوردا
نه‌ته‌وی ئێمه بکا چیدی عبوور
هه‌ر به‌رز بێته‌وه ئاڵای کو‌ردی
نیشتمانی ببێ خۆش و مه‌عموور
بۆ فیداکاری له ڕێی میلله‌ت دا
هه‌ر بژی (قازی)، ڕه‌ئیسی جه‌مهور
هیمن
ئامێزی ژن
جاران په‌ناگه‌ی شه‌وانم
ئامێزی ئاوه‌ڵای ژن بوو
گه‌رمی و نه‌رمی ئه‌و ئامێزه
مایه‌ی حه‌سانه‌وه‌ی من بوو
.....
ده‌ردی ژیان، ڕه‌نجی خه‌بات
ماندووبوونی ڕۆژی ناخۆش
به شه‌و له ئامێزی ئه‌ودا
هه‌مووم ده‌کردن فه‌رامۆش
.....
نیگای چاوی، بزه‌ی لێوی
برینی ده‌کردم ساڕ‌ێژ
برینی ئه‌و دڵه‌ی، دوژمن
به تیر ده‌یکرد دابێژ دابێژ
.....
نازی، تۆرانی، زیزبوونی
لاواندنه‌وه‌ی ، ئاشت بوونه‌وه‌ی
هه‌موو له جێی خۆی شیرن بوو
زۆر سه‌خته له‌بیر چوونه‌وه‌ی
.....
به‌ڵێ سه‌خته، یه‌کجار سه‌خته
دووری له ژن ، نامرادی
به‌ڵام له ژن خۆشه‌ویست تر
له لای من ئه‌تۆی ئازادی
هیمن
نه‌ورۆزی ڕزگاری
به به‌رگی سه‌وزه ڕازاوه قه‌د و لاپاڵ و شی‌و و دۆڵ
چڕۆی ده‌رکرده‌وه دار و، ملی دا یه‌کتری گیا و گوڵ
به‌سه‌ر به‌فری که‌وی داکرد شه‌ماڵی خاکه‌لێوه، خۆڵ
ڕه‌فیقان ڕۆژی کوردانه، به‌هاره، جێژنی نه‌ورۆزه
به دڵ لێتان ده‌که‌م له‌و ڕۆژه‌دا من جێژنه پیرۆزه
چله‌ی زستانی ناخۆش بوو، ته‌زووی سه‌رمایه پیاوی سڕ
ده‌کرد و، کوچه و کۆڵان له به‌فر و لیته بووبوون پڕ
به‌هار هات و ده‌خه‌مڵێ کێو و ده‌شت و به‌نده‌ن و لاخڕ
ڕه‌فیقان ڕۆژی کوردانه، به‌هاره، جێژنی نه‌ورۆزه
به دڵ لێتان ده‌که‌م له‌و ڕۆژه‌دا من جێژنه پیرۆزه
به سۆزی بای به‌یان لێوی کراوه خونچه‌یی خه‌ندان
له‌سه‌ر چڵ بولبولی شه‌یدا له خۆشی گوڵ ده‌ڵێ به‌ندان
به‌جێ هات ئاره‌زووی لاوان و گه‌رمه کۆڕی گۆڤه‌ندان
ڕه‌فیقان ڕۆژی کوردانه، به‌هاره، جێژنی نه‌ورۆزه
به دڵ لێتان ده‌که‌م له‌و ڕۆژه‌دا من جێژنه پیرۆزه
له‌خۆی داوه به‌ره‌ڵبێنه کچی کابانی گه‌ردن کێل
به ناز و غه‌مزه ده‌ڕوانێ، ده‌کا شینکه‌ی نه‌رم پێشێل
له‌گه‌ڵ بۆنی وه‌نه‌وشه تێکه‌ڵاون بۆنی عه‌تر و هێل
ڕه‌فیقان ڕۆژی کوردانه، به‌هاره، جێژنی نه‌ورۆزه
به دڵ لێتان ده‌که‌م له‌و ڕۆژه‌دا من جێژنه پیرۆزه
سه‌ری کوێستانی به‌رزی کورده‌واری تێی نه‌که‌وتوون خاڵ
له ده‌شت و به‌ر په‌ساران هه‌ڵدراون چادر و ڕه‌شماڵ
نه‌مان بێگانه تاکو جێژنه‌مان لێ تاڵ بکه‌ن ئه‌و ساڵ
ڕه‌فیقان ڕۆژی کوردانه، به‌هاره، جێژنی نه‌ورۆزه
به دڵ لێتان ده‌که‌م له‌و ڕۆژه‌دا من جێژنه پیرۆزه
حه‌ساوه پیاوی ڕووت و قووت و بێ ئه‌نوا و بێ ئێروو
ژیاوه گیانله‌به‌ر دیسان، له کون هاته ده‌رێ مێروو
له‌سه‌ر گوێسوانه ده‌خوێنن به پۆل پاساری و سێرۆ
ڕه‌فیقان ڕۆژی کوردانه، به‌هاره، جێژنی نه‌ورۆزه
به دڵ لێتان ده‌که‌م له‌و ڕۆژه‌دا من جێژنه پیرۆزه
له دنیادا که‌مه هاوتای به‌هاری جوانی کوردستان
ئه‌ویش ئه‌و ساڵ که لایێکی نه‌جاتی بوو له ژێر ده‌ستان
له خۆشی ئه‌و وڵاته شاعیریش بۆته هه‌زار ده‌ستان
ڕه‌فیقان ڕۆژی کوردانه، به‌هاره، جێژنی نه‌ورۆزه
به دڵ لێتان ده‌که‌م له‌و ڕۆژه‌دا من جێژنه پیرۆزه
هیمن
ناسۆری ته‌شه‌نا
وه‌ره مه‌یگێڕ ده‌مه‌وێ ئه‌وشۆ خه‌می دڵ که‌م که‌م
لووزه‌وم به‌رده سه‌رێ نامه‌وێ جورعه‌ی که‌م که‌م
ته‌شه‌نا بۆته‌وه ناسۆری ده‌روونم دیسان
زامی کۆنه و به مه‌یی کۆنی ده‌بێ مه‌ڵهه‌م که‌م
مشت و ماڵی ده‌وێ ئاوێنه‌یی ژه‌نگاوی خه‌یاڵ
مه‌ست و گێژم که، هه‌تا گاڵه به جامی جام که‌م
ئێسته بۆ چاری خه‌مم گۆشه‌یی مه‌یخانه‌یه جێم
من که ڕۆژێک ده‌مه‌ویست میلله‌ته‌که‌م بێ خه‌م که‌م
تا نه‌ڕووخاوه، بڵا پڕ بێ له خۆشی و مه‌ستی
تازه پێی ناوێ ئه‌من هۆده‌یی خۆم مه‌حکه‌م که‌م
چۆن نه‌به‌م بۆ مه‌ی و مه‌یخانه په‌نا تێ گه‌یوم
له‌و وڵاته هه‌موو شت زۆره، به‌نی ئاده‌م که‌م
پیر و زورهانم و ئێستاش ده‌ڵه‌که‌م هه‌ر ده‌یه‌وێ
سه‌ر و ماڵم به فیدای خاڵ و خه‌ت و په‌رچه‌م که‌م
داستانی مه‌م و زین کۆنه، کچێکم گه‌ره‌که
شلکه ڕانی بکوشم بۆنی له سینگ و مه‌م که‌م
من له جوانی ده‌گه‌ڕێم، تێپه‌ڕه زستانی دزێو
کچ که ڕووم ناده‌نێ، با سه‌یری گوڵ و شه‌ونه‌م که‌م
شه‌ڕه‌بایه له چیاکان و هه‌وا تووشه ده‌نا
وه‌کوو شێتان ده‌مه‌ویست ڕوو له چیای ئه‌سته‌م که‌م
هیمن
موو ناپسێنم
ئه‌من ده‌مگوت له دنیا تا بمێنم
له به‌ر که‌س ئه‌سته‌مه سه‌ر دانوێنم
که‌چی ئێستا له داوی بسکی تۆ دا
گرفتارم گوڵم ، موو ناپسێنم
.....
ژیانم پڕ له ڕه‌نجه و نامرادی
به هه‌ڵکه‌وتیش نه‌هاتم تووشی شادی
دڵم هیند ته‌نگه هه‌ر جێی تۆ ده‌بێ و به‌س
ئه‌تۆش مه‌حکوومی حه‌پسی ئینفیرادی
.....
قه‌رار بوو بێی له گه‌ڵ خۆت شادی بێنی
نه‌هاتی، گه‌رچی پێت دابووم به‌ڵێنی
له‌ناو کورد دا نه‌بوو په‌یمان شکاندن
له کوێ فێر بووی گوڵم په‌یمان شکاندن ؟
.....
ئه‌گه‌رچی ڕۆیی ، قه‌ت ناچی له یادم
ده‌که‌م یادت ، به یادی تۆوه شادم
که بارگه‌ت بۆ هه‌وار تێک نا عه‌زیزم
شکا ئه‌ستوونده‌کی تاوڵی مرادم
.....
شه‌وانه هاونشینی جامی باده‌م
به باده با په‌ژاره و غه‌م به با ده‌م
که ده‌ستی ڕۆژگار بای دا سه‌ری من
سه‌ری شووشه‌ی شه‌ڕاب وا چاکه باده‌م
هیمن
ماچی شیرن
به منداڵی له لێوی ئاڵی تۆم ئه‌ستاندووه ماچێ
به پیریش له‌ززه‌تی ئه‌و ماچه شیرینه‌م له‌بیر ناچێ
به سه‌د دوکتور و ده‌رمان و په‌رستار ناکرێ چاره‌ی
که‌سێک تیری مژۆڵی ئه‌و کچه کورده‌ی له دڵ ڕاچێ
ده‌کا گیرۆده‌تر پیرانی دڵته‌ڕ ئه‌و کچه کورده‌ی
بچێته مه‌کته‌ب و بسکی به مۆده‌ی تازه هه‌ڵپاچێ
خه‌م و ده‌ردی زه‌مانه پیری کردم ، وشک و بێ زه‌وقم
که شاعیر وشک و بێ شۆر بوو ، له نێو خه‌ڵکی ده‌بێ لاچێ
له گۆشه‌ی بێکه‌سیدا ئێسته وا دڵته‌نگ و خه‌مبارم
نییه باکم ئه‌گه‌ر ماڵم به جارێکی به قوڕ داچێ
به‌شی کوردێکی زانا له‌م وڵاته مه‌ینه‌ت و ده‌رده
ئه‌وه‌ی نه‌ت ویست، بڵێ ڕه‌ببی به ده‌ردی کو‌ردی زانا چێ
له‌ناو بازاڕی ئه‌وڕۆکه‌ی ئه‌ده‌بدا شیعری تۆ هێمن
وه‌کو پووڵی چرووکه، هیچ ڕه‌واجێکی نییه ، ناچێ
هیمن
ماچی خودایی
وه‌ره یارم ، وه‌ره ئه‌ی تازه یارم !
وه‌ره ئه‌ستێره‌که‌ی شه‌وگاری تارم !
وه‌ره ئه‌ی شاپه‌ڕی باڵی خه‌یاڵم !
وه‌ره ئه‌ی شه‌وچرای ڕووناکی ماڵم !
وه‌ره خاسه که‌وی ڕام و که‌ویی من !
وه‌ره ئیلهامه‌که‌ی نیوه شه‌وی من !
وه‌ره ئۆخژنی سینه‌ی پڕ گڕی من !
وه‌ره پیرۆزه‌که‌ی به‌رزه فڕی من !
وه‌ره ئاونگی سه‌ر په‌لکی گوڵی سوور!
وه‌ره ئاورینگی گه‌رم و مه‌شغه‌ڵی نوور!
وه‌ره ئه‌ی ڕێژنه بارانی به‌هاری !
وه‌ره شیعری ته‌ڕی پڕ ورده‌کاری !
وه‌ره ئه‌ی نه‌ونه‌مامی باخی ژینم !
وه‌ره ئه‌ی شاگوڵی مێرگی ئه‌وینم !
وه‌ره کاروانکوژه‌ی کاتی به‌یانیم !
وه‌ره بیره‌وه‌ری و ئاواتی جوانیم !
وه‌ره ئه‌ی بوت هه‌تاکوو بت په‌رستم !
وه‌ره مه‌مکۆڵه‌که‌ت بگرم له مستم !
وه‌ره ئه‌ی (خه‌ج)، وه‌ره ئه‌ی(خاتو زین)م !
وه‌ره با به‌ژن و به‌ڵاکه‌ت ببینم !
وه‌ره با دامرێ ئاوات و تاسه‌م !
وه‌ره با بسکه‌که‌ت لادا هه‌ناسه‌م !
وه‌ره با هه‌ڵمژم ئه‌و لێوه گه‌رمه !
وه‌ره با هه‌ڵکوشم ئه‌و ڕانه نه‌رمه !
وه‌ره جوانێ ، وه‌ره نازت بکێشم !
وه‌ره وه‌ک ده‌سته گوڵ داتنێم له پێشم !
وه‌ره با به‌س بکه‌م ئه‌و باوه باوه !
وه‌ره با بێن بکه‌م ئه‌و بسکه خاوه !
وه‌ره با ده‌س له بالاکه‌ت وه‌رێنم !
وه‌ره کوڵمه‌م له کوڵمه‌ت تۆ خشێنم !
وه‌ره سووربه له سه‌ر واده و به‌ڵێنێ !
وه‌ره کورد به و مه‌که په‌یمان شکێنێ !
وه‌ره گیانم فیدای چاوی ڕه‌شی تۆ !
وه‌ره با هه‌ست بکه‌م گه‌رمیی له‌شی تۆ !
وه‌ره ماچم ده‌یه ماچی خودایی !
که بێزارم له ماچی سینه‌مایی !
12ـ 1 ـ 1976
گێژه‌ڵووکه‌ی خه‌زان
گێژه‌ڵووکه‌ی به‌سام و توندی خه‌زان
که په‌لاماری دایه باخ و ڕه‌زان
ده‌شکێنێ نه‌مامی شلک و ته‌ڕ
گوڵی بۆنخۆش و ته‌ڕ ده‌کا په‌ڕ په‌ڕ
ئه‌و گوڵه‌ی باخی پێ ده‌ڕازاوه
داخه‌که‌م ئێسته هه‌ڵپرووکاوه
هه‌روه‌ها ده‌ستی بێ به‌زه‌ی ته‌قدیر
نایه‌ڵێ چووک و گه‌وره، جوان و پیر
تازه لاوان له خوێن ده‌گه‌وزێنێ
جه‌رگی دایکی هه‌ژار ده‌برژێنێ
زه‌بری توندی زه‌مانی به‌دکار
شاری کردینه شاری پڕ ئازار
هه‌رچی ده‌یبینی ده‌س به ئه‌ژنۆیه
له هه‌موو لاوه شین و ڕۆڕۆیه
بزه تۆ نابینی له‌سه‌ر لێوێ
چاوه فرمێسکی خوێن ده‌پاڵێوێ
سه‌ربه‌قوڕ، مل به کوێنه گه‌وره و چووک
خه‌نه شۆرایه‌وه له په‌نجه‌ی بووک
مه‌رگی ئه‌و سێ جه‌وانه بێ مراده
ماته‌می خسته ئه‌و مه‌هاباده
گه‌رچی یوسف ئه‌سیری به‌ندی گڵه
ئێسته له‌و میسره هه‌ر عه‌زیزی دڵه
گه‌رچی بۆ خۆی خرایه چاڵی گۆڕ
شوێنه‌واری به‌نرخی ماوه له گۆڕ
خزمه‌تی خه‌ڵکی زۆر بوو ئه‌و لاوه
جا چلۆن داده‌مێنێ له‌و لاوه ؟
گه‌ر سوله‌یمان نه‌ما له کۆڕی خه‌بات
نه‌گه‌یشتووه به ئاره‌زوو و ئاوات
زیندووه تا ئه‌به‌د له‌ناو خه‌ڵکی
چونکه بۆ کۆمه‌ڵێک هه‌بوو که‌ڵکی
خزمه‌تی عیلمی کرده پیشه‌ی خۆی
خوێنده‌وار کۆڕی شین ده‌به‌ستن بۆی
ڕه‌نگه شاگردی کو‌ردی وریا و ژیر
ده‌رسی ئه‌و لاوه‌یان بمێنێ له بیر
کاکه داود ئه‌گه‌ر له ڕێی ژیانا
گیانی شیرین و پاکی خۆی دانا
فێری کردین ده‌بێ له کار کردن
نه‌به‌زین تاکو سه‌رده‌می مردن
.....
یادی دوو پیاوی چاکی زه‌حمه‌تکێش
یانی کاکه عه‌زیز و مام ده‌روێش
خه‌ڵکی ئه‌و شاره قه‌ت له بیر ناکه‌ن
خه‌ڵکی ئه‌و شاره ئۆگری چاکه‌ن
مه‌هاباد به‌فرانباری 1341
هیمن
گوڵی هیوا
ئه‌خته‌ر کچی کو‌ردی چاو مه‌ست!
ئیلهام به‌خشی شیعر و هه‌ڵبه‌ست!
ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ی میلله‌ت په‌ره‌ست
که دیتمی تفه‌نگ به‌ده‌ست
زانیم گوڵی هیوا پشکووت
به‌یانی ئازادی ئه‌نگوت
ئه‌خته‌ر پێشمه‌رگه‌ی کۆڵنه‌ده‌ر!
ئه‌خته‌ر ئه‌ی گوڵی نێو سه‌نگه‌ر!
خوێنت ده‌تکێ له دمی خه‌نجه‌ر
ده‌گری به‌ری هێرشی ئه‌سکه‌ر
سێره‌ت گرت به‌و چاوه جوانه
له که‌له‌که‌ی ئه‌و بیژوانه
شه‌قت هه‌ڵدا له زێڕ و جل
تووڕت هه‌ڵدا کلدان و کل
توندت کردووه پشتێندی شل
فیشه‌کدانت کردۆته مل
پساندت بازنه و پاوانه
ده‌ستت دا تفه‌نگ پیاوانه
ناڕێژی چاو، سوور ناکه‌ی لێو
شانه ناکه‌ی بسکی په‌شێو
یه‌کجار فڕێت دا چارشێو
ئه‌وه ڕووت کرده چڕ و کێو
ده‌بڕی جه‌رگی دوژمنی زۆڵ
به سه‌رنێزه، نه‌ک به مژۆڵ
هیمن
گه‌رمه‌شین
بۆ شه‌هیدێکی که گه‌وزیوه له نێو خوێن ده‌گریم
بۆ هه‌ڤاڵێکی که چوو بێ سه‌ر و شوێن ده‌گریم
بۆ هه‌موو پیر و جوانێکی له سه‌ر کوردستان
چوونه بن دارێ به‌بێ وه‌ی که بشلوێن ده‌گریم
بۆ کوڕێکی نه‌به‌زیوی که له سه‌نگه‌ر دا مرد
نه‌ک به سه‌ر شۆڕی و بێ شه‌رمی له سه‌ر نوێن، ده‌گریم
ماچ ده‌که‌م ئه‌و مه‌چه‌کانه‌ی به که‌له‌پچه‌ی دێشن
بۆو سه‌رانه‌ی به گرێی قه‌مچی ده‌گروێن، ده‌گریم
گه‌نجی کو‌ردی وه‌کوو گه‌نجن که له هه‌ردی خستن
دوژمنم، تاکوو نه‌زانم هه‌موو له کوێن، ده‌گریم
شۆڕه‌ژن سه‌ربه‌قوڕ و گه‌وره کچیش مل به کوێن
تا بمێنێ سه‌ری به قوڕ و ملی به کوێن، ده‌گریم
بۆ ژنێکی که له‌سه‌ر ته‌رمی کوڕی تاقانه‌ی
شین ده‌کا، جه‌رگ و دڵی له‌ت له‌ت و توێ توێن ، ده‌گریم
دوور له ئازادی، له زیندانی ڕه‌ش و بۆگه‌ن دا
بۆ که‌سانێکی ده‌ژین چڵکن و دژوێن ده‌گریم
بووکی کۆست که‌وتوو ده‌بینم له په‌ژاره‌ی زاوا
سه‌ری کوڵمانی ده‌ڵێی زه‌رده‌یی سه‌ر سوێن، ده‌گریم
بۆ په‌نا سیله و بن گیشه و جێ ژوانی چۆڵ
بۆ گراوی و کوڕه حه‌یرانی که لێک جوێن، ده‌گریم
بۆ وڵاتێکی به فرمێسک و به خوێن دێرابێ
من که سه‌یرانی ده‌ر و ده‌شتی ده‌که‌م، خوێن ده‌گریم
تا وه‌کوو مۆڵگه و پێ شێلی سوپای دوژمن بێ
کێڵگه پڕ پیته‌که‌م و به‌نده‌نی بژوێن، ده‌گریم
تا گوڵاڵه‌ی گه‌شی بۆنخۆشی ترۆپکی کوێستان
به گڕی مووشه‌کی بێگانه بپروێن، ده‌گریم
به‌سیه‌تی دووبه‌ره‌کی و ملهوڕی و لاساری
تا برایانه هه‌موو پێکه‌وه نه‌دوێن، ده‌گریم
ده‌مه‌وێ ڕێگه‌یی ڕزگاری ته‌خت بکرێ ده‌نا
تاکوو نسکۆیه به‌رن، تاکوو هه‌ڵه‌نگوێن ده‌گریم
تا کرێکار و فه‌لا، ڕه‌نجبه‌ر و ڕۆشن بیر
ده‌ست له یه‌ک نه‌گرن و پیاوانه نه‌بزوێن، ده‌گریم
تا له ژێر ڕه‌شبه‌ڵه‌کی کیژ و کوڕی ڕق هه‌ستاو
جه‌نده‌کی دوژمنی به‌دکاره نه‌په‌ستوێن، ده‌گریم
تاکوو بۆ تۆڵه‌یی ئه‌و ڕۆڵه شه‌هیدانه‌ی کورد
خه‌نجه‌ری ڕۆڵه‌یی ئازا هه‌موو نه‌سوێن، ده‌گریم
تا به داسی ده‌سی ئه‌و پاڵه به‌کاره‌ی کو‌ردی
دڕک و داڵی سه‌ری ڕێ گشتی نه‌دروێن، ده‌گریم
تاکوو نه‌سڕێنه‌وه فرمێسکی هه‌تیوباری هه‌ژار
تا هه‌تیو لێوی وه‌کوو خونچه نه‌پشکوێن، ده‌گریم
تا به ده‌ستی په‌ری ئازادی له سه‌ر گۆڕی شه‌هید
گوڵه شللێره له گشت لایه‌کی نه‌ڕوێن، ده‌گریم
هیمن
گڵێنه‌ی شاعیر
ئه‌گه‌ر خه‌رمانی عومرم ئێسته‌که پاکی با بیبا
به مه‌رگی تۆ مچوڕکیشم به دڵدا نایه، با بیبا
هونه‌ر گه‌ر خۆی په‌رێشانی نه‌با له‌م وڵاته‌ی دا
به‌شی من بۆ ده‌بوو چاره‌ڕه‌شی و خانه‌خه‌رابی با؟!
له کوێ حاڵی من و تۆ وا ده‌بوو ئه‌ی خۆ په‌رست ئێستا
ئه‌گه‌ر دونیا ئوسول و قاعیده و نه‌زم و حیسابی با ؟!
به جامێ باده تێر نابم، ئه‌گه‌ر مه‌یلت هه‌یه ساقی
گڵێنه‌ی خۆم ده‌نێرمه خزمه‌تت ، بۆم تێکه تا بیبا
وه‌به‌ر من نایه‌ڵێ لێره‌ش مه‌ی و ساقی جه‌نابی شێخ
ده‌نا له‌ولا شه‌راب و حوری با هه‌ر بۆ جه‌نابی با
هه‌موو عومری ئه‌به‌د، تێیدا نییه خۆشی ده‌مێک مه‌ستی
خدر ئاوی حه‌یاتی بۆ چ بوو؟ فێری شه‌رابی با ؟
هیمن
گریانی نیوه‌شه‌و
شه‌وانه ئه‌و ده‌مانه‌ی شه‌و ده‌گاته کاتی نیوه‌ی شه‌و
خه‌ڵک نوستوون، له چاوی من که‌سه‌ر دیسان ڕه‌واندی خه‌و
سکووتێکی به‌سام سه‌رتاسه‌ری ئه‌م دێیه داده‌گرێ
ده‌ڵێی هه‌ر زینده‌وارێکی هه‌یه له‌و دێیه‌دا ده‌مرێ
له هیچ لا خشپه‌یه‌ک نایه، چرای ماڵێکی ناییسێ
به ئه‌سپایی له ماڵ دێمه ده‌رێ ده‌خوشم وه‌کو نیسێ
ته‌ک و ته‌نیا به ئارامی ده‌چم بۆ گرده‌که‌ی به‌ر دێ
به دڵته‌نگی و کز و خه‌مناکی ڕاده‌کشێم له‌سه‌ر به‌ردێ
ده‌که‌م جا سه‌یری ئه‌ستێران و هه‌ڵده‌مژم شنه‌ی شه‌وبا
شه‌و و بێده‌نگی چه‌ند خۆشه، هه‌میشه خۆزگه هه‌ر شه‌و با
وه‌کو ئاواڵی چاک ئه‌ستێره‌کان گوێ ڕاده‌دێرن بۆم
هه‌تا بۆیان به‌یان که‌م موو به موو ڕازی ده‌روونی خۆم
کوڵم هه‌ڵده‌ستێ ئه‌وجاره و له به‌ر ده‌ردم ده‌ناڵێنم
هه‌تا ئاوری دڵم ده‌کوژێته‌وه ئه‌سرین ده‌بارێنم
شه‌وانه گه‌ر نه‌که‌م ئه‌و شیوه‌ن و ناڵین و گریانه
ده‌سووتێنێ وجودم ئاگری ئه‌م جه‌رگه بریانه
به‌ڵێ گریانی نیوه‌ی شه‌و ده‌کا ناسۆڕی دڵ مه‌رهه‌م
کوڵ و کۆم داده‌مرکێنێ و به‌جێ دێڵێ دڵی من خه‌م
هیمن
گاووگه‌ردوون
شه‌ته‌ک درا له دار ده‌رنگانی شه‌و
لاوێک له سه‌ر ڕزگار بوونی وه‌ته‌ن
وێڕای ته‌قه‌ی ده‌سڕێژی ده‌سته‌ی ئاگر
دێوه‌زمه‌ی ڕه‌ش ده‌یگوت و پێده‌که‌نی:
جێژنی شایان گا‌و و گه‌ردوونی ده‌وێ
خوێنی گه‌ش و فرمێسکی ڕوونی ده‌وێ
.....
هه‌ڵوه‌ری فرمێسکی دڵسۆزانی گه‌ل
خوێنی شه‌هید ئاڵی کرده‌وه وڵات
به‌ڵام له گه‌ڵ شین و شه‌پۆڕ و گریان
بۆڵه بۆڵی دێوه‌زمه‌که هه‌ر ده‌هات:
جێژنی شایان گا‌و و گه‌ردوونی ده‌وێ
خوێنی گه‌ش و فرمێسکی ڕوونی ده‌وێ
.....
گولله‌ی سته‌م دابێژ دابێژی ده‌کرد
سه‌ری پڕ ئه‌وین و دڵی پڕ له هه‌ست
له گۆڕستانی کۆنی پێرس پۆلیس
خوێن ده‌ڕشاوه و ده‌یخوێند کوندی شومی مه‌ست:
جێژنی شایان گا‌و و گه‌ردوونی ده‌وێ
خوێنی گه‌ش و فرمێسکی ڕوونی ده‌وێ
هیمن
کیژی لادێ
کیژی لادێ یی نه‌شمیلی جوان چاک
بێ فڕ و فێڵ و هێدی و داوێن پاک
ئه‌تۆ هه‌ر زگماگ وه‌ها جوانی
ته‌والێت چییه؟ ناوی نازانی
نیته کراسی حه‌ریر و پۆپلین
گه‌وهه‌ری پێچرای له ناو خامی شین
(پۆدر) و (کرێم) و ماتیکت نییه
هه‌ر نه‌ت بیستووه(ئۆدی کڵۆن) چییه؟
نه‌تکرد سووراو و سپیاو، چون دووری
له شاری، که‌چی هه‌ر سپی و سووری
(فێڕ)ت لێ نه‌دا بسکه‌که‌ت لووله
ڕێژیمت نه‌گرت به‌ژنت وه‌ک تووله
لاجانگت وه‌کوو گزنگی تاوێ
هه‌ر بۆ خۆی جوانه تی‌ف تیفه‌ی ناوێ
کوڵمه‌که‌ت وه‌کوو گوڵاڵه‌ی گه‌شه
بێ سوورمه‌ش چاوه مه‌سته‌که‌ت ڕه‌شه
وه‌کوو فرمێسکی ئاشق ڕووناکی
وه‌کوو ئاونگی به‌یانان پاکی
فێر نه‌بووی سیحر و گشته‌ک و نوشتوو
نه جگه گورگت هه‌یه و نه موروو
مایه‌ی هومێدی کیژی چاو هه‌ڵۆ
نازانی مه‌کر و جامبازی و درۆ
چارشێوت نیه ڕوو ناگری له که‌س
نامووسی خۆته پاسه‌وان و به‌س
به تاسکه‌تاسک و به له‌نجه و لارت
به به‌ژن و باڵای به‌رز و له‌بارت
به دڵی ساده و به هه‌ستی پاکت
به شه‌رم و حه‌یا و ئاکاری چاکت
منت کردوه شێت و شه‌یدای خۆت
وه‌خته له سوێیان گیانم ده‌چێ بۆت
هیمن
کورد و ئازه‌ربایجانی
تێپه‌ڕی ئه‌ییامی دیلی، ئێسته هه‌نگامی ژیانه
خۆی مه‌ڵاس دا مامه ڕێوی نۆبه‌تی شێری ژیانه
هه‌رچی پێت ده‌کرێ بکه ئه‌ی دوژمنی خوێڕی و بزانه
باوی لاوی کورد و تافی گه‌نجی ئازه‌ربایجانه
خۆی له خوێناو دا ده‌بینێ هه‌ر که‌سێک دوژمنی وانه
با له قوڕ نیشێ و له هه‌ش نێ دوژمنی وان پیل و شان
چونکه ئه‌و ڕۆ یه‌کتری گرت کورد و ئازه‌ربایجانی
ئه‌وکی ئیستیعماریان گرت وه‌ک به‌ڵاکه‌ی ناگه‌هانی
تازه به‌ربوونی مه‌حاڵه تا نه‌دا یه‌کجاری گیانی
سوعبه‌تی پێ ناکرێ په‌نجه‌ی به‌هێزی ئه‌و دوانه
ئه‌و که‌سه‌ی چه‌ندێک له‌وه‌ی پێش لێی ده‌دا لافی خودایی
نه‌ی ده‌هێشت ئێمه هه‌مان بێ قه‌ت له گه‌ڵ یه‌کتر برایی
کوانێ له کوێیه ببینێ پۆلی پێشمه‌رگه و فیدایی ؟
تێ بگا نای بێ له ده‌ست ئه‌و نۆ جوانانه ڕه‌هایی
ئه‌م کوڕی سمکۆی دلێره، ئه‌و نه‌وه‌ی سه‌تتارخانی
لاوی ئازای کورده‌واری نێره‌شێری کاتی جه‌نگه
گه‌نجی ئازه‌ربایجانی وه‌ک پڵه‌نگی تیژچه‌نگه
تێ گه‌یشتن نۆکه‌ری بێگانه بۆ وان عار و نه‌نگه
په‌نجه‌یان ئێستا له‌سه‌ر شیره، له‌سه‌ر ماشه‌ی تفه‌نگه
هه‌ر به ئاسته‌م بێته ڕوو بێگانه ده‌کرێته نیشانه
کۆشکی زۆرداری جمیوه، هه‌ر نه‌ماوه زوڵم و بێداد
وه‌ک به‌هه‌شت خه‌مڵیوه خاکی پاکی کوردستانی ئازاد
موڵکی ئازه‌ربایجانیش بۆته مه‌عموور و ئاباد
دوژمنی بێگانه بت بینم هه‌میشه په‌ست و ناشاد
چۆن ببوویه باعیسی وێرانی ئه‌م دوو خاکه جوانه
کورد و ئازه‌ربایجانی هه‌ر دوو داوایان ڕه‌وایه
هه‌ر بژین و پایه‌دار بێ یه‌کیه‌تی ئه‌م دوو برایه
میلله‌تی ئێمه هومێدی زۆر به‌کاری پێشه‌وایه
ئه‌و کوڕه ئازا و نه‌به‌رد و مه‌رده بۆ میلله‌ت قه‌ڵایه
ده‌ک بمێنێ تا ئه‌به‌د ئه‌و کورده زانا و قاره‌مانه
ته‌ورێز 1947
هیمن
کچی مه‌هاباد
له‌باری، نازه‌نینی، نه‌رم و نۆڵی، دڵته‌ڕی، شادی
له چاوی به‌د به‌دوور بی ئه‌ی کچی کو‌ردی مه‌هابادی
له جوانی دا، له پاکی دا، نیه هاوتات و نازانم
فریشته‌ی ئاسمانی، یانه په‌روه‌رده‌ی په‌ریزادی ؟
سه‌ری کوڵمت گه‌شه هه‌ر وه‌ک گوڵی کوێستانی کوردستان
له به‌ر به‌ژنت ده‌بێ سه‌ر دانوێنێ خه‌ڵفی شمشادی
دڵی سه‌د عاشقت کرده نیشانه‌ی تیری موژگانت
کچی کو‌ردی له تیر ئاوێتنا مه‌علوومه ئوستادی
به شمشێری دوو ئه‌برۆت جه‌رگی خه‌ڵکی له‌ت ده‌که‌ی دیاره
ده‌زانی چه‌ک له کار بێنی، کچیش بی تۆره‌مه‌ی مادی
له سوێیانت وه‌ها دێوانه بووم چاومه‌ستی خوێن شیرن
له قه‌ڕنی بیسته‌ما ڕه‌نگه ڕه‌چاو که‌م کاری فه‌رهادی
ئه‌وێستا تۆ له وێ دیلی ده‌سی بێگانه‌ی و ئه‌منیش
له دووری تۆ ده‌کێشم ڕه‌نج و ده‌رد و داخی بێ مردای
زه‌مانه (هێمنی) تۆی وێڵی ده‌شت و چۆڵ و سه‌حرا کرد
فه‌رامۆشی مه‌فه‌رموو، جار و باره هه‌ر بکه یادی
شێوه‌ڕه‌زان 1948
هیمن
کاروانی خه‌بات یادی سمایل شه‌ریفزاده
زه‌رده په‌ڕێ، سوور بوو ئاسۆ
خه‌ریک بوو سێره هه‌ڵگیرێ
له‌باتی قاسپه قاسپی که‌و
ده‌هات قرمژنی شێست تیرێ
.....
ئاوری به‌رده‌دا له به‌نده‌ن
گڕی خۆمپاره و بازووکا
کام گوڵه‌گه‌ش بوو، کام گیا شلک
به‌و بڵێسه هه‌ڵده‌پرووکا
.....
داوه‌ستا له‌و خڕ و شیوه
دووکه‌ڵ و بۆگه‌نی باڕووت
نه‌مامی شلک و ساوا
به ده‌سڕێژ ده‌بوونه بزووت
.....
ده‌یشێلا هه‌ڵاڵه و سوێسن
ناڵچه‌ی پۆتینی ژاندارم
نێرکی بیزا و مه‌ندۆکی ته‌ڕ
ده‌په‌ڕین به گولله‌ی گه‌رم
.....
کێوی له حه‌وت کێوان ته‌قین
هه‌ڵو دای له شه‌قه‌ی باڵان
که‌روێشک ته‌مالی هه‌ڵگرت
ڕێوی خوشی بۆ که‌نداڵان
.....
کۆتره‌شینکه‌ی قه‌دی شاخی
لوور بوونه‌وه ناو ئه‌شکه‌ت
سوێسکه له بن پنچک خزا
چۆله‌که له جریوه که‌وت
.....
خۆی له زه‌ندوڵان هه‌ڵکێشا
له ترسان مار به په‌له‌په‌ل
له په‌ڕ په‌رۆچکه‌ی ئاسمانێ
دیاری دا تارمایی خه‌رته‌ل
.....
هه‌ر چوار ته‌نیشتی گیرابوو
له سه‌نگه‌رێکدا به ته‌نێ
ئه‌و لاوه‌ی به‌ڵێنی دابوو
هه‌تا مردن چه‌ک دانه‌نێ
.....
پشوو سوار و گه‌روو وشک
گه‌رم ببوو چه‌کی ده‌ستی
به‌ڵام هێشتا نه له‌رزی بوو
دڵی پڕ له هیوا و هه‌ستی
.....
هه‌رچه‌نده ئاڵقه‌ی گه‌مارۆ
هه‌روا ده‌هات ته‌نگتر ده‌بوو
ئه‌ستێره‌ی هیوای ده‌دره‌وشی
تا وه‌خت ده‌رنگتر ده‌بوو
.....
په‌ندی کوردانه‌یه و کۆنه
که شه‌و قه‌ڵاتی مێرانه
هه‌روا تاریکان په‌یدا با
دڕی پێ ده‌دان شێرانه
.....
ڕووناکبیرێکی تا ئیمڕۆ
ده‌چوو به‌ره‌و ئاسۆگی ڕوون
ئێستا هیوای به بوولێڵ بوو
بۆ له گه‌مارۆ ده‌رباز بوون
.....
بڵێسه‌ی دا لووله‌ی چه‌کێک
تێک هه‌ڵگلا لاوچاکی کورد
ئه‌فسه‌ر یه‌ک به‌خۆی قیژاندی
(به‌پیش! به پیش! گلوله خورد)
.....
له بن په‌سیوان ده‌رپه‌ڕین
هێزی ڕه‌ش و ئه‌هریمه‌نی
دێرا به خوێنی شه‌هیدێک
(کوردستان) مێرگ و چیمه‌نی
.....
دیسان خوێنی قاره‌مانێک
نه‌خشاندی ڕێگای ڕزگاری
دیسان لاپه‌ڕێکی ڕه‌شتر
که‌وته سه‌ر مێژووی زۆرداری
.....
دوا نیگای بڕیه لای ئاسۆ
به مۆله‌ق ڕاوه‌ستا چاوی
شنه‌بای شه‌و هات، ئه‌ستڕی
وه‌ک په‌نجه‌ی جوانێک جواناوی
.....
له‌ناو خوێندا ده‌تلێته‌وه
لاوی به‌زیپک و به سبات
به‌ڵام هه‌روا ده‌چێته پێش
بێ وچان کاروانی خه‌بات
هیمن
قه‌ڵای نیشتمان
وه‌ته‌ن! گیان و سه‌ر و ماڵم فیدای تۆ
وه‌گیانی من که‌وێ ده‌رد و به‌ڵای تۆ
له پێناوت ده‌نێم سه‌ر تا بزانی
منم ڕۆڵێکی ئازا و باوه‌فای تۆ
له‌بۆ پاراستن و حیفزی سنوورت
له‌باتی (ماژینۆ) سینگم قه‌ڵای تۆ
ده‌بێ من چۆن بژیم مه‌سروور و دڵشاد
که ده‌ت بینم له ده‌س بێگانه دای تۆ
ده‌بێ که‌ی سه‌ربه‌خۆبی تۆ ؟ هه‌تا من
به سه‌ربه‌ستی بکه‌م سه‌یر و سه‌فای تۆ
به شینکه و گوڵ سه‌راسه‌ر سوور و شینه
چ جوانه دیمه‌نی کێو و چیای تۆ
له گه‌ڵ تۆ بۆ نه‌جاتی نیشتمانت
ده‌ده‌ن(هێمن)! هه‌وڵ خوشک و برای تۆ
هیمن
فرمێسکی گه‌ش
قه‌ت له دنیادا نه‌بوو بێجگه‌له ناخۆشی به‌شم
مات و داماو و په‌شێو و بێکه‌س و چاره‌ڕه‌شم
سه‌رده‌مێک ئاواره بووم و ماوه‌یه‌کیش ده‌سبه‌سه‌ر
نه‌مدی ڕووی ئاسووده‌یی، هه‌ر تووشی گێره و قه‌ڕقه‌شم
دابی کو‌ردی وایه، که‌س لاگیری لێقه‌وماو نییه
بۆچی سه‌رکۆنه‌ی بکه‌م لێم زیزه یاری مه‌هوه‌شم ؟
تیغی بێ مه‌یلی و جه‌فای ئه‌و نازه‌نینه دڵڕه‌قه
جه‌رکی له‌ت کردووم به جارێک ئه‌نجنیویه سینه‌شم
کوشتمی و شه‌ش خانی ئومێدی له من گرتن حه‌ریف
مۆره هه‌ڵداوێم و بێهووده به هیوای دوو شه‌شم
نابینی زه‌رده له‌سه‌ر لێوی که‌سێ له‌م شاره‌دا
گه‌ر خه‌م و ده‌ردی دڵی خۆمیان به‌سه‌ر دا دابه‌شم
خۆشه‌ویستی گۆشه‌که‌ی ته‌نیایی هه‌ر ئه‌ژنۆکه‌مه
بۆیه ڕۆژ و شه‌و وه‌ها گرتوومه‌ته نێو باوه‌شم
نایه‌ڵێ دوژمن به ڕه‌نگه زه‌رده‌که‌ی من پێکه‌نێ
تا ده‌می مردن ئه‌من مه‌منوونی فرمێسکی گه‌شم
شاعیرێکی ڕاست و یه‌کڕووم و فیداکار و نه‌به‌ز
کورده موحتاجی محه‌ک نیم، زێڕی بێ غه‌ل و غه‌شم
هیمن
شینی گۆران
هه‌ر له بۆتانه‌وه هه‌تا سۆران
هه‌موو سۆرانی شینه بۆ گۆران
هه‌ر له کوێستانه‌وه هه‌تا گه‌رمێن
یه‌خه‌مان دادڕاوه تا دامێن
له جزیره‌وه هه‌تاکوو به‌حری ڕه‌ش
نیه کیژێ سه‌ری نه‌نابێ له هه‌ش
له دیاربه‌کره‌وه هه‌تا ورمێ
سه‌ر به قوڕ، مل به کوێنه نێر و مێ
هه‌ر له که‌رکووکه‌وه هه‌تاکوو سنه
شین و ڕۆڕۆ و فیغانی پیاو و ژنه
له مه‌ریوانه‌وه هه‌تا زێبار
وه‌ک زرێباره چاوی کو‌ردی هه‌ژار
هه‌ر له زاخۆ هه‌تاکوو کرماشان
پرسه‌یه، ماته‌مه ، به خۆدادان
له مه‌هاباد هه‌تا سلێمانی
ناڵه ناڵه له باتی گۆرانی
هه‌ر له بیجاره‌وه هه‌تا شه‌مزین
کچ و کوڕ، لاو و پیری کورد شه‌مزین
له شنۆوه هه‌تاکوو سه‌نجابی
تووشی کوردێکی بێ که‌سه‌ر نابی
هه‌ر له هه‌ولێره‌وه هه‌تا پاوه
نه‌ته‌وه‌ی کورد په‌شێوه، تاساوه
جا چلۆن ده‌ڵ به خه‌م نه‌بین، نه‌گرین
جا چلۆن کۆڕی شینی بۆ نه‌گرین
شاعیرێک بوو به نرخ و بێ وێنه
بیری ڕۆشن بوو، چه‌شنی ئاوێنه
شاعیرێک بوو به جه‌رگ و هه‌ڵکه‌وتوو
پێشڕه‌وی گه‌ل بوو نه‌ک له گه‌ل که‌وتوو
تاکی که‌م بوو له جوان په‌رستی دا
وه‌کوو مێو بوو وشه له ده‌ستی دا
هه‌ستی پاک، مێشکی تازه، بیری نوێ
شیعری پڕسۆز ، قسه‌ی به‌تام و خوێ
دڵته‌ڕ و خۆش خه‌یاڵ و ناسک بین
به هونه‌ر، شاره‌زا، وشه ڕه‌نگین
پێم په‌ری شیعر و مۆسیقا تۆران
بۆیه بردیانه‌وه سه‌رێ گۆران
یا خودای جوانی تووڕه بوو لێمان
ئه‌و چرایه‌ی ڕه‌وا نه‌دی پێمان
ڕۆژگار گه‌وهه‌ری وه‌بن گڵ دا
داخی ئه‌و مایه‌وه له ناو دڵ دا
داخه‌که‌م ئه‌و بڵێسه‌ی دامرکا
که خه‌ریک بوو وڵاتی ڕوونتر کا
ڕۆیی گۆران ـ ی خۆشه‌ویست ڕۆیی
شین و ڕۆڕۆی گه‌لی نه‌بیست و ڕۆیی
ڕۆیی بێ وه‌ی گه‌لی بگا به مراد
ڕۆیی بێ وه‌ی ببینێ کورد ئازاد
ڕۆیی ئاواتی برده بن گڵی ڕه‌ش
ڕۆیی کورد ماوه بێ که‌س و بێ به‌ش
حاجی، گۆران و پیره‌مێرد مردن
«داخه‌که‌م کو‌ردی ئێمه هه‌ر کوردن»
کوردن و تووشی ڕۆژی ته‌نگانه‌ن
مه‌ردن و دیلی ده‌ستی بێگانه‌ن
مه‌هاباد 1962
هیمن
شه‌وگاری ته‌نیایی
هه‌تا نێڵه‌ی نه‌یه ئاورگی دڵ، چه‌م پڕ له نه‌م نابێ
هه‌تا نه‌م دا نه‌بارێ تینی ئه‌م ئاورگه که‌م نابێ
له‌ناو ئاورینگ و ئاونگا شه‌وم ڕاده‌برێ بێ هه‌مده‌م
به‌ڵێ شه‌وگاری ته‌نیایی به‌بێ فرمێسک و خه‌م نابێ
سته‌مکاری منی دوور خسته‌وه له‌و یاره شیرینه‌م
ئیتر من چۆن ڕقی زۆرم له ئازار و سته‌م نابێ ؟
ئه‌وی سه‌ربه‌رزه له‌م وێرانه‌دا تووشی خه‌م و ده‌رده
چیای سه‌رکه‌ش ببینه قه‌ت سه‌ری بێ هه‌ور و ته‌م نابێ
له ناو ده‌ریای خه‌یاڵم دیمه‌وه من گه‌وهه‌ری نایاب
هه‌مه گه‌وهه‌ر، ئیتر چاوم له دینار و دره‌م نابێ
وه‌ره ناو باوه‌شی گه‌رم و گوڕ و پڕ تاسه و مه‌یلم
ڕه‌دیفیش تێک بچێ پێم خۆشه من ده‌ستم له مه‌م دابێ
وه‌ره با هه‌ڵمژم ئه‌و لێوه شیرینه‌ت به که‌یفی خۆم
له پاش ئه‌و تاڵییه با من ده‌مێک شه‌کرم له ده‌م دابێ
په‌له‌ت بێ، چاوه‌ڕێتم، زوو وه‌ره، به‌س خۆت بخافڵێنه
هه‌زار جار « هێمن»یش بم بۆ ویسالت چۆن په‌له‌م نابێ؟!
هیمن
شه‌و و شه‌یتان
ئه‌ستێره یه‌ک یه‌ک ڕاخوشین
ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕا ئاسمانی شین
هه‌ورێک شۆڕابه‌ی به‌رداوه
ده‌ڵێی له قیریان وه‌رداوه
تاریکانه، شه‌وه‌زه‌نگه
وڵات بێ هه‌ست و بێ ده‌نگه
گوڕستانی خامۆشه شار
تێیدا نه‌ماوه زینده‌وار
نه ڕاده‌ژێ گه‌ڵای دارێک
نه دێ هه‌ستی پێی ڕێبوارێک
هه‌رچی کۆڵان و شه‌قامه
ده‌ڵێی کاولاشی به‌سامه
دنیا ده‌ریای بێ شه‌پۆڵه
لاو داماوه، جێ‌ژوان چۆڵه
په‌رده‌ی کۆشکان دادراوه
ڕۆچنه‌ی کۆختانیش گیراوه
له تالار و سه‌ر سه‌رایان
بڕا تروسکه‌ی چرایان
شه‌می سه‌رچاکیان لابردن
مردووش هێنده‌ی دیکه مردن
دامرکا، بوو به ژیله‌مۆ
له ناو ئاگرداندا پشکۆ
ژیان ڕوو گرژه و مچ و مۆڕ
دێ بۆنی کفن و تا‌ت و گۆڕ
شه‌و زرینگاوه، ڕاشکا
شه‌یتان سامی له خوا شکا
که‌ڵپی خوێناوی گڕ کردن
فریشته‌ی پشووبڕ کردن
خه‌م و خه‌فه‌ت داده‌بێژێ
شادی و ئازادی ده‌نێژێ
داسی مه‌رگ و نه‌مان ده‌سوێ
هه‌و‌ه‌ڵ گه‌وزی داوێته کوێ ؟
دێن و ده‌چن به ئه‌سپایی
له چوارچرا چه‌ند تارمایی
خێوی شه‌و و خودای شه‌ڕن
بێچوه شه‌یتانی به‌دفه‌ڕن
ئاخ، دیسان سێداره چه‌قی
کو‌ردی چوه بن له‌سه‌ر هه‌قی
له‌پڕ ده‌نگێکی نێرانه
نرکه‌ی کوڕانه و شێرانه
په‌رده‌ی بێده‌نگی دادڕاند
خه‌واڵووی له خه‌و ڕاپه‌ڕاند
خه‌ڵک هه‌مووی ئه‌و ده‌نگه‌ی بیست
ده‌یگوت پێشه‌وای خۆشه‌ویست :
که من مردم کورد نامرێ
ده‌س له خه‌بات هه‌ڵناگرێ
هارووژا وه‌کو پووره‌ی هه‌نگ
(مه‌هاباد) گۆڕخانه‌ی بێده‌نگ
له ده‌ور و به‌ری چوارچرا
هه‌زاران سه‌ر له قوڕ نرا
کام نازداری شۆخ و جوانه
دای له خم لکی کۆڵوانه
له چاوی کیژی مل به کوێن
به خوڕ ده‌هات فرمێسکی خوێن
شۆڕه‌لاو هاته کۆڕی شین
ئه‌ویش سۆرانی کردن شین
پیره‌پیاو بانگ ده‌کا ڕۆڵه
له‌بیر نه‌که‌ن تۆڵه، تۆڵه !
تێکڕا ده‌ڵێن درشت و ورد :
کورد نه‌مرد، پێشه‌وا نه‌مرد
با ته‌رمیشی بخرێته بن گڵ
چۆن یادی ده‌رده‌چێ له دڵ ؟!
شاد به ئه‌ی پێشه‌وای نه‌مر
هه‌تن ڕۆڵه‌ی ئازا و خوێنگر
بۆ فیداکاری ئاماده‌ن
ڕێگای ڕاستی تۆ به‌ر ناده‌ن
په‌ڕکووری ڕق ئه‌ستووره کورد
له‌سه‌ر تۆڵه‌ی تۆ سووره کورد
کچ و کوڕ و ژن و پیاوی
ده‌کا خه‌باتی خوێناوی
تا مافی ڕه‌وای ده‌ستێنێ
ئاواتی تۆ وه‌ده‌ست دێنێ
8،1،1351
*****
هیمن
شه‌نگه‌بێری
شه‌نگه‌بێری! ساڵی ساڵان له کوێستانێ، له‌به‌ر مه‌ڕی
بۆ مه‌ڕ دۆشین هه‌ڵت ده‌کرد ئه‌و باسکی سپی مه‌ڕمه‌ڕی
له‌به‌ر هاڕه‌ی گۆبه‌رۆک و گواره و کرمه‌ک و ژێرچه‌نه
نیوه‌ڕۆیه له‌به‌ر بێرێ کۆڕی مه‌ڕی ڕاده‌په‌ڕی
که ئێواران که‌زیه‌ت ده‌کردن سێ به‌نگی و چاوت ده‌ڕشت
به‌و که‌زی و چاوه نه‌رمانه، بێ ڕه‌حمانه شوانت ده‌کوشت
شه‌نگه‌بیزا به سروه‌با سوژده‌ی ده‌برده به‌ر به‌ژنت
ئاخر تۆش هه‌وای کوێستانی ئه‌و کوردستانه‌ت هه‌ڵده‌مژت
چێشه‌نگاوان له ده‌راوان که خۆت لێ ده‌کرد پێ خاوس
به له‌نجه و لاری کیژانه‌ت شه‌رمه‌زار ده‌بۆوه تاوس
ئاهه‌نگی ژین و شادی بوو به‌یانی که تێکه‌ڵ ده‌بوو
شمشاڵی من، خرمه‌ی بازن، گرم و هۆڕی مه‌شکه‌ی گاوس
شه‌نگه‌بێری گراوی خۆم، وێنۆسی جه‌ماڵ و جوانی !
ئێستاش پاڵێنێ وه‌ک جاران له شوان و مێگه‌ل ده‌ڕوانی ؟
وا من پێشمه‌رگه‌م ده‌جه‌نگم بۆ وڵاتی له تۆ شیرنتر
نه‌م ده‌دا به ته‌ختی شایی ده‌نا به‌رده‌بێری شوانی
ڕاسته تۆ جوانی، له‌باری، نازداری، شۆخی، نه‌شمیلی
کوڵمت گه‌شترن له گوڵ و، خاڵت ڕه‌شترن له زیلی
جیابوونه‌وه‌ت ده‌رده، به‌ڵام تۆش ده‌زانی تامی نیه
ژوان و شه‌و ڕاو و دڵداری، ڕاز و نیازی به دیلی
زۆری نه‌ماوه بێته به‌ر نه‌مامی هه‌وڵ و خه‌باتم
له داگیرکه‌ر پاک بێته‌وه خاکی پیرۆزی وڵاتم
چه‌ک داده‌نێم، گۆچانه‌که‌ی جارانم هه‌ڵده‌گرمه‌وه
تۆ هه‌ر بێری به، من هه‌ر شوان، فریشته‌ی تاسه و ئاواتم
هیمن
شه‌پۆلی تۆڵه
کورده! ئه‌ی کو‌ردی له‌خۆشی بێ به‌ش
به‌س نییه کۆیله‌تی دێوه‌زمه‌ی ڕه‌ش؟
باژوێ ئه‌سپی هه‌وه‌سی خۆی هه‌روا
بتگرێ ، بتگوژێ وا بێ په‌روا؟
ئه‌و(قزل قه‌لعه) که بۆته (باستیل)
هه‌ر ده‌بێ پڕ بێ له یه‌خسیر و دیل؟
تاکو که‌ی نه‌شکێ که‌له‌پچه و ده‌سبه‌ند؟
زه‌جر و ئازار و ئه‌شکه‌نجه تا چه‌ند!
خوێنی لاوانی به بیر و بڕوا
هه‌ر ده‌بێ بڕژێ، به‌فیڕۆ بڕوا؟
هه‌ڵوه‌رێ گه‌وهه‌ری فرمێسکی هه‌تیو
ده‌ربه‌ده‌ر بێ کوڕی ئازا و نه‌به‌زیو؟
بێوه‌ژن ته‌ڕ بێ به گریان چاوی
کچ نه‌بینێته‌وه شۆڕه لاوی ؟
.....
وه‌ختی وه‌ی هاتووه خۆت ڕاپسکێنی
تۆڵه وه‌رگریه‌وه، هه‌قت بستێنی
ڕاپه‌ڕه، هاته‌وه، دووباره هه‌لت
سه‌ر و ماڵت بکه قوربانی گه‌لت
کۆبه‌وه، ڕێک که‌وه، لێک به‌سته پشت
ڕا‌که مه‌یدانی خه‌بات گورج و گشت
هاته‌وه کاتی خه‌باتی شێلگیر
هه‌ڵبڕه به‌نده‌ک و کۆت و زنجیر
کوڕ به، ئازا به، نه‌به‌ز به، ڕۆڵه!
گژه‌بای ڕه‌ق به، شه‌پۆلی تۆڵه
تووڕه به، سوور به‌وه لێی وه‌کو پولوو
ئاگری ده وه‌کو پووشه‌ڵ و پوشوو
****
ئه‌و له خوێن مژتنی تۆ تێر نابێ
تۆ ده‌بێ بۆ به‌زه‌ییت پێی دابێ ؟!
له هه‌موو لایه‌که‌وه پێی داده
ڕاوی نێ، زوو له وڵاتی ڕاده
ده‌س و خه‌نجه‌ر کوتوپڕ ڕا‌که سه‌ری
وه‌ده‌ری نێ، وه‌ده‌ری نێ، وه‌ده‌ری!!
هه‌ڵمه‌تی بۆ به‌ره وه‌ک شێری دڕ
له‌شکری لێ بکه، دابڕ دابڕ
کۆسته‌کی خه‌نجه‌ری تۆ بترازێ
ئه‌و به سه‌رنێزه کۆڵه نا نازێ
ویزه گولله‌ی چه‌کی تۆی بێته گوێ
ناپه‌ڕێبێ له سنووریشت سوێ
بیته‌زێنه به په‌لاماری توند
بیبه‌زێنه له چیا و شار و گوند
به‌نده‌ن و ده‌شت و چڕی لێ بته‌نه
نه‌وه‌کوو ده‌رچێ، پڕی لێ بته‌نه !
مه‌پرینگێوه له ئاگر و ئاسن
تێده‌گه‌ی چۆن به گه‌لت ناناسن ؟!
تاکو شۆڕش نه‌کرێ توند و تیژ
تاکو سه‌نگه‌ر نه‌گرێ لاو و کیژ
نادرێ مافی گه‌لی کو‌ردی دلێر
هه‌رده‌بێ وا له قه‌فه‌ز دابێ شێر
ئه‌و ڕق و قین و به‌گژداچوونه
تاقه ڕێگایه‌کی ڕزگار بوونه
1949
هیمن
نـاڵه‌ی جـودایی
ساقیا ! وا باده‌وه، وا باده‌وه
ڕوو له لای من که به جامی باده‌وه
موشته‌ری وه‌ک من له مه‌یخانێ که‌من
زۆربه‌یان شاد و به که‌یف و بێ خه‌من
مه‌ی حه‌رامه بۆ سه‌هه‌نده و بێ خه‌مان
مه‌ستی بێ خه‌م بۆچی بگرن ئیخه‌مان ؟
ئه‌م شه‌رابه تاڵه ده‌رمانی خه‌مه
لێی حه‌رام بێ ئه‌و که‌سه‌ی ده‌ردی که‌مه
ئه‌م شه‌رابه ئاڵه بۆ بێ ده‌رد نی یه
لێی حه‌رام بێ ئه‌و که‌سه‌ی ڕه‌نگ زه‌رد نی یه
بۆ که‌سێکه مه‌ی ، چزیلکی پێوه نێ
بۆچی ملهوڕ لێره بینی پێوه نێ ؟!
بۆ که‌سێکه مه‌ی : که ده‌ردی کارییه
بێ خه‌مێک بیخواته‌وه ، زۆردارییه
بۆ که‌سێکه مه‌ی : دڵی پڕ بێ له داخ
بۆچی لێی بخواته‌وه به‌رزه ده‌ماخ ؟!
ئه‌و که‌سه‌ی بێ که‌س نییه و خانه خه‌راپ
ده‌ک به ژاری ماری بێ باده و شه‌راب !
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یچێشتووه ده‌ردی ژیان ؛
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یدیوه ئێش و برک و ژان ،
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌کرا نیشانه‌ی تیری خه‌م ،
شانی دانه‌خزا له‌بن باری سته‌م ،
ئه‌و که‌سه‌ی هه‌ستی به زۆرداری نه‌کرد ،
تیخی زۆرداری برینداری نه‌کرد ،
ئه‌و که‌سه‌ی ده‌ستی له ئه‌وکێ به‌ر درا ،
ئه‌و که‌سه‌ی دوژمن له ماڵی ده‌رکرا ،
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یبینی هاتی دوژمنی ،
نیری یه‌خسیری له ئه‌ستۆ داڕنی ،
ئه‌و که‌سه‌ی هێنده نه‌بوو زویر و زگار ،
وا نه‌که‌وته به‌ر چه‌پۆکی ڕۆژگار ،
ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یهاڕی به‌رداشی زه‌مان ،
ئه‌و که‌سه‌ی « زیڕه‌ی نه‌گه‌ییه ئامان » « له فۆلکلۆره‌وه وه‌رگیراوه.»
ئه‌و که‌سه‌ی دووریی عه‌زیزانی نه‌دی ،
تیر و تانه‌ی بێ ته‌میزانی نه‌دی ،
تۆزی به‌دبه‌ختی له سه‌ر شانی نه‌نیشت ،
لێی نه‌گیرا ده‌ور و پشت و چوار ته‌نیشت ،
بۆ ده‌بێ بێت و بکا مه‌یخانه ته‌نگ ؟!
شوێنی دیکه زۆره بۆ گاڵته و جه‌فه‌نگ ..
ئه‌و کوڕه‌ی هێشتا له ژوانێ ڕێی هه‌یه ،
سه‌یره زۆر سه‌یره که ئالووده‌ی مه‌یه .
ئه‌و که‌سه‌ی ڕاوی نه‌نێن لێره و له‌وێ ،
ئه‌و کوڕه‌ی ماچی کچانی ده‌س که‌وێ ،
ئه‌و کوڕه‌ی دۆی داوه‌تێ ده‌ستی ده‌نێ ،
بێته ئێره چۆنه هه‌ی دێی ناکه‌نێ !
ئه‌و که‌سه‌ی « ده‌ستی له مه‌مکان گیر ببێ » « له فۆلکلۆره‌وه وه‌رگیراوه . »
ئه‌و که‌سه‌ی « تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ » ، « له فۆلکلۆره‌وه وه‌رگیراوه . »
ئه‌و که‌سه‌ی په‌نجۆڵه بکوشێ جار و بار ،
ئه‌و که‌سه‌ی ده‌ستی بگاته گه‌ردنی یار ،
ئه‌و که‌سه‌ی ڕامووسێ کوڵمه‌ی تاس و لووس ،
ئه‌و که‌سه‌ی تێی هه‌ڵنه‌دابێ چاره‌نووس ،
ئه‌و که‌سه‌ی بمژێ خوناوه‌ی گه‌رده‌نێ ،
کوفره یه‌ک قه‌تره شه‌رابی گه‌ر ده‌نێ ..
ئه‌و که‌سه‌ی ئاسووده و خۆش ڕایبوارد ،
قه‌ت خه‌می یه‌خسیر و کۆیلانی نه‌خوارد ،
یه‌ک له ماڵێ چاو‌ڕێی بێ بێته‌وه،
ده‌رکی نێو ماڵێکی لێ بکرێته‌وه ،
خه‌م ڕه‌وێنێک گوێ بداته ڕازی ئه‌و ،
نازه‌نینێک بێ بکێشێ نازی ئه‌و ،
بگرێ په‌نجه‌ی نه‌رم و نۆڵی ناسکێ ،
بۆی کرابێته سه‌رینێ، باسکێ ،
هه‌یبێ هێز و گورد و تین و تاو و گوڕ
ڕۆژگاری ڕه‌ش نه‌بێ، به‌ختی مگوڕ ،
ئه‌و که‌سه جێگای له مه‌یخانێ نی یه .
ئه‌و که‌سه باده و شه‌رابی بۆ چی یه ؟!
ساقیا ، وا وه‌رگه‌ڕێ ، وا وه‌رگه‌ڕێ !
ڕوو له لای من که، مه‌چۆ بۆ سه‌رپه‌ڕێ ..
له‌نگه‌رێ بگره ، مه‌به وا به‌رزه فڕ
بێنه بۆمن ، بێنه بۆمن ، جامی پڕ
مه‌ی حه‌ڵاڵه بۆ منی وێرانه ماڵ
بۆ منی سه‌رگه‌شته وو ڕووت و ڕه‌جاڵ
بۆ منی بابرده‌ڵه‌ی گرده‌نشین
بۆ منی دڵ پڕ له ناسۆر و برین
بۆ منی ئاواره وو دووره وه‌ته‌ن
بولبولی بێ به‌ش له گوڵزار و چه‌مه‌ن
په‌ڕ وه‌ریوی، باڵ شکاوی، ده‌نگ بڕاو
بێ بژیوی، به‌ش خوراوی ، ده‌رکراو
پیری زورهانی ، که‌نفتی، ده‌ربه‌ده‌ر
دیده‌سووری ، دڵ مه‌کۆی ده‌رد و که‌سه‌ر
داته‌پیوی، بێ په‌سیوی بێ قه‌رار
بێ که‌سی ، ده‌سته‌شکاوی ، کۆڵه‌وار
لێوبه‌باری، ده‌رده‌داری، ڕه‌نجه‌ڕۆ
شا‌عیری جوانی په‌رستی دڵ به سۆ ..
ساقیا ! بۆ کوێ ده‌چی ، بۆ کوێ ده‌چی ؟
تۆش له به‌ر ئه‌و ملهوڕانه ملکه‌چی ؟
تۆش به ڕه‌نگ و بۆی ئه‌وان خواردت فریو ؟
چاوی تۆشی هه‌ڵفریواند زێڕ و زیو
تۆش ده‌گوڕیه‌وه ده‌گه‌ڵ گه‌وهه‌ر هونه‌ر ؟
که‌نگێ گه‌وهه‌ر جوانی کردن به‌خته‌وه !
زێڕ به‌ڵایه، بێ وه‌فایه ده‌وڵه‌مه‌ند
هه‌ر هونه‌ر نه‌مره، هونه‌روه‌ر مه‌رد و ڕه‌ند
«چڵکی ده‌سته ماڵی دنیا» وه‌ک ده‌ڵێن « له فۆلکلۆره‌وه وه‌رگیراوه . »
ماڵ په‌رست په‌یمان شکێنه و بێ به‌ڵێن
قه‌دری جوانی کوا ده‌زانێ ماڵ په‌رست !
جوان په‌رسته پیری خاوه‌ن زه‌وق و هه‌ست
نا مه‌چۆ ، جوانێ مه‌چۆ ، واوه مه‌چۆ !
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مه‌خۆ !
ئه‌و هه‌وه‌سبازانه جێی متمانه نین
هه‌ر ده‌زانن گوڵ چنین و به‌ی ڕنین
وا وه‌ره، ده‌ی وا وه‌ره ، نێزیک به لێم
بمده‌یه مه‌ی ، بمده‌یه مه‌ی تا ده‌ڵێم :
« مست مستم ساقیا، دستم بگیر !
تا نیفتادم زپا دستم بگیر » « نیوه‌ی ئه‌م به‌یته، هی شاعیرێکی فارسه و نیوه‌ی تری هی مه‌ولانا جه‌لاله‌دین مه‌وله‌ویی به‌لخی یه .»
جا که سه‌رخۆش بووم به ده‌نگێکی نه‌وی
بۆت ده‌ڵێم ئه‌و شیعره به‌رزه‌ی (مه‌وله‌وی)
«بشنو از نی چون حکایت می‌کند
از جدائیها شکایت می‌کند »
« ئه‌م به‌یته ، هی مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی مه‌وله‌ویی به‌لخی یه .»
گوێم ده‌یه ئه‌ی دیده مه‌ستی قیت و قۆز !
تا بناڵێنم وه‌کوو بلوێر به‌سۆز
نابێ قه‌ت ناڵه‌ی جودایی بێ ئه‌سه‌ر
جا چ نه‌ی بیکا چ پیاوی ده‌ربه‌ده‌ر
بۆیه ناڵه‌م تێکه‌ڵی نه‌ی کردووه
شیوه‌نێکم پێیه نه‌ی نه‌یکردووه
لێم گه‌ڕێ با ده‌ربڕم سۆزی ده‌روون
لێم گه‌ڕێ با هه‌ڵوه‌رێنم ئه‌شکی ڕوون
شیوه‌نی من شیوه‌نی ئینسانی یه
بانگی ئازادی و گرۆی یه‌کسانی یه
شیوه‌نی من شینی کو‌ردی بێ به‌شه
ئه‌و گه‌له‌ی حاشا ده‌که‌ن لێی و، هه‌شه
با له زارم بێته ده‌ر پشکۆی شیعر
با فراوان تر بکه‌م ئاسۆی شیعر
پارچه گۆشتێکه دڵی من، ڕوو نییه
ناڵه ناڵی من دره‌نگه ، زوو نییه
ده‌ردی دووری .. ده‌ردی دووری کوشتمی
ده‌ردی وشیاری و سه‌بووری کوشتمی
یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شه‌و
لێی حه‌رام کردم قه‌رار و خورد و خه‌و
خه‌م ڕه‌وێنێک لێره من ناکه‌م به‌دی
چۆن په‌نا بۆ مه‌ی نه‌به‌م ساقی! ئه‌دی!؟
نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم
ڕوو له هه‌ر لایه‌ک ده‌که‌م نامۆیه بۆم
نابینم جێ ژوان و که‌ونه لانی خۆم
شه‌و ده‌کێشم شه‌ونخوونی و بێ خه‌وی
ڕۆژ ده‌چێژم ده‌رد و داخی بێ ئه‌وی
چۆن نه‌ناڵێ ئه‌و دڵه‌ی پڕ هه‌ستی من ؟!
چۆن له ئه‌ژنۆ ببنه‌وه دوو ده‌ستی من ؟!
چۆن نه‌ناڵێ ئه‌و دڵه ئه‌نگاوته‌یه ؟!
به‌رد له به‌ردی بێته‌وه ده‌نگی هه‌یه
ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووه
هه‌رچی خۆشم ویستووه جێم هێشتووه
هه‌ڵبڕاوم من له یاری نازه‌نین
ده‌رکراوم من له خاکی دڵ‌نشین
بوومه ئاواره و په‌ڕیوه دوور وڵات
که‌وتمه نێو ورده داوی ڕێی نه‌جات
به‌کره شۆفاره ئه‌وه‌ی مووخه‌ی چنیم
زێی مه‌م و زینان وڵاتی لێ ته‌نیم
که‌وتمه نێو چاڵی دیلی وه‌ک (مه‌م)ێ
(یایه زین) له کوێیه هاواری که‌مێ !
کوا (قه‌ره تاژدین) ، (چه‌کۆ) و (عرفۆ) له کوێن؟!
بێنه هانام وه‌ک پڵینگی چه‌نگ به‌خوێن.
(لاس)ه شۆڕێک بووم غه‌نیمی دوژمنان
ئێسته ئه‌نگواوم به تیری چڵکنان
وام به ته‌نیایی له نێو خوێناو شه‌ڵاڵ
کوانێ عێل و کوانێ (خانزاد) و (خه‌زاڵ) ؟!
زۆر له‌مێژه ناره‌ناری منی نه‌بیست
هه‌روه‌کوو (شه‌مزین)، (شه‌میله)ی خۆش ده‌ویست
وه‌ک (سیامه‌ند)ێ له چۆڵ و به‌نده‌نێ
جه‌رگی له‌ت کردووم په‌لی داره به‌نێ
شه‌تڵی جواناوم منی سارده برین
کوا (خه‌ج)م تا بۆم بگێڕێ گه‌رمه شین ؟!
مانگی «کانوونێ به چلوان ده‌رکرام » « ئه‌م تاکه ، له به‌یتی برایمۆک وه‌رگیراوه .»
وه‌ک (برایم) له‌و وڵاته ڕاونرام
کوا (په‌ریخان) به‌ند و باوم بۆ بڵێ ؟!
بۆ نه‌سووتێم نه‌بمه پۆلووی سه‌ر کڵێ ؟!
ئه‌و له زۆزان، من له ئارانێ ده‌ژیم
کێ ده‌ڵێ ئه‌منیش (وه‌لی دێوانه ) نیم ؟!
کورده‌واری ، ئه‌ی وڵاته جوانه‌که‌م !
ڕۆڵه‌که‌م ! خێزانه‌که‌م ! باوانه‌که‌م !
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی قه‌ت له بیرم ناچنه‌وه
ئێسته بم بینن ئه‌رێ ده‌مناسنه‌وه ؟
ڕۆژگار هاڕیومی وه‌ک ئه‌سپۆنی ورد
هێز و توانای لێ بڕیوم ده‌رده کورد
بوومه گه‌پچاڕ و ده‌کا گاڵته به من
ئه‌و ڕمووزنه‌ی زه‌نده‌قی چوو بوو له من
ئه‌ی ڕه‌فیقان، ئه‌ی عه‌زیزانی وڵات !
ئه‌ی برای هاوسه‌نگه‌ری جه‌رگه‌ی خه‌بات !
گه‌ر ده‌ناڵێنم ، ئه‌من په‌ک که‌وته نیم
تێده‌کۆشم بۆ وه‌سڵ تاکوو ده‌ژیم
کۆششی من زۆر به جێیه و زۆر ڕه‌وا
چونکه قانوونی ته‌بیعه‌ت وایه ، وا :
«هر کسی کو دوور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار وصل خویش »
« ئه‌م به‌یته هی مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی مه‌وله‌ویی به‌لخی یه . »
ڕێگه ده‌بڕم ، کوانی هه‌نگاوم شله
ڕاسته بێ هێزم، ده‌که‌م ئه‌مما مله
هه‌ر ده‌پێوم کێو و شاخ و چۆڵ و ده‌شت
دێم به‌ره‌و کوێستان به‌ره‌و باخی به‌هه‌شت
دێم به‌ره‌و زیخ و چه‌و و کانیاوی خۆم
چۆن له‌وانه وه‌رده‌گێڕم چاوی خۆم
دێم به‌ره‌و ئه‌و دار و به‌رد و به‌نده‌نه
دێم به‌ره‌و ئه‌و باخ و مێرگ و چیمه‌نه
دێم به‌ره‌و زوورک و ته‌لان و که‌ند و له‌ند
دێم به‌ره‌و بژوێن و زه‌نوێر و زه‌مه‌ند
دێم به‌ره‌و پاناوک و هه‌وراز و نشێو
دێم به‌ره‌و ئه‌شکه‌وت و زه‌ندۆڵ و په‌سێو
دێم به‌ره‌و به‌فر و چلووره و به‌سته‌ڵه‌ک
دێم به‌ره‌و شیخاڵ و ڕێچکه و ڕه‌شبه‌ڵه‌ک
دێم به‌ره‌و لێڕ و چڕ و به‌ستێن و چۆم
دێم به‌ره‌و هه‌ڵدێر و گێژ و به‌ند و گۆم
دێم به‌ره‌و هۆبه و هه‌واری با سه‌فا
دێم به‌ره‌و لادێ، به‌ره‌و کانگای وه‌فا
دێم ببینم نیشتمان و زێده‌که‌م
دێم ببینم خزم و کاک و دێده‌که‌م
دێم و ده‌گرم بازی بێری شۆخ و شه‌نگ
دێم و ده‌گرم ده‌ستی دۆی جوان و چه‌له‌نگ
دێم گراویی خۆم له باوه‌ش وه‌رگرم
دێم نه‌هێڵم به‌رهه‌ڵست و به‌رگرم
دێم و هه‌ڵده‌مژم شنه‌ی کوێستانی کورد
دێم و ده‌چمه شه‌وڕنی بێستانی کورد
دێم و ده‌شکێنم له‌وێ جامی شه‌راب
ماچی شیرین نایه‌ڵێ تامی شه‌راب
دێم و ناترسم له په‌رژینی به (زی) زی ( دڕوو ،دڕک )
هه‌ر په‌ری سه‌رکه‌وت و دێوه‌زمه به‌زی
تا بمێنێ نووری چاو و هێزی پێم
دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم
دێم هه‌تا هه‌مبێ بڕست و بیر و هۆش
گه‌ر گلاشم ، کورده‌واری و ئێوه خۆش
سازی ناساز
بولبولی باڵ شکاوی وه‌ختی گوڵم
هه‌ر شه‌پۆڵان ده‌دا دڵی له کوڵم
کو‌ردی به‌ندیی به‌یانی نه‌ورۆزم
گڕی گرتووه ده‌روونی پڕ سۆزم
موغی بێ ئاگری شه‌وی یه‌ڵدام
چاو‌ڕێی چاره‌نووسی ناپه‌یدام
که‌وی بێ ده‌نگی نه‌و به‌هارانم
گوڵی بێڕه‌نگی چاو له بارانم
کونجی جێ ژوانی چۆل و خامۆشم
سێبه‌ری نازه‌نینی ڕه‌شپۆشم
ده‌ستی به‌ربووی گچی گه‌ڕی شاییم
هه‌ستی خنکاوی لاوی سه‌وداییم
کێلی گۆڕی شه‌هیدی گومناوم
تاکه داری کڕووزی بێ ئاوم تاکه داری (ته‌ریکی) بێ ئاوم
ده‌فته‌ری شیعری شا‌عیری ڕووتم
شه‌می سه‌ر گۆڕ و داری تابووتم
کونی گیراوی کۆنه شمشاڵم
خه‌ونی ئاڵۆز و خاتیره‌ی تاڵم
ژیله‌مۆی ئاگری به‌یانانم
باوکی فرمێسک و کوڕی ژانم
باڵه سووتاوه‌کانی په‌روانه‌م
شووشه باده‌ی به‌تاڵی مه‌یخانه‌م
چڵه ڕێحانی دووره دێراوم
سازی ناسازی هه‌ڵپه‌سێراوم
تکه ئاونگی سه‌ر گه‌ڵای زه‌ردم
خه‌سته و ده‌رده‌داری چی ده‌ردم
ئاخرین تیشکی خۆری پاییزم
شا‌عیری پیری تووڕه و زیزم
چۆن ده‌توانم به تۆ بڵێم من چیم ؟!
خۆم گومانم هه‌یه که هه‌م یا نیم ؟!
1975
هیمن
ڕێبه‌ندان و شاعیر
ڕێبه‌ندان! دیسان هاتیه‌وه سه‌رمان
ڕه‌قمان هه‌ڵێنی دیسان له سه‌رمان
به سۆزه‌ی زریان پیاوی ده‌که‌ی سڕ
به کڕێوه و باکوت ئاژه‌ڵ ده‌که‌ی قڕ
ڕێ و بان ده‌به‌ستی به به‌فر هه‌موو
له به‌ر په‌ساران هه‌ڵده‌نێی ڕونوو
پرووشه و مژ و که‌ڕه‌سیسه‌که‌ت
ته‌پ و تومان و هه‌وا پیسه‌که‌ت
پێیه‌وه هه‌زرا ئازار و ئاهۆ
کۆخه و هه‌ڵامه‌ت، له‌رز و چه‌ق و چۆ
که تۆ ته‌شریفی ناشه‌ریف دێنی
دڵی گه‌لی کورد دا ده‌خورپێنی
ماشێن و ڕێگای ئیسفاڵتی نییه
به‌و سارد و سۆڵه عیلاجی چییه
به هه‌چه‌هه‌چی که‌رێ چۆن باری
لادێیی کو‌ردی ده‌گاته شاری ؟
هه‌ژار لێی ده‌بڕێ ئاوردوو و زمهه‌ڕ
کورووژمه‌ی ده‌کا فه‌قیر، ماڵانگه‌ڕ
سه‌ر ده‌نێنه‌وه پیر و نۆ بوان
بێ په‌رستار و بێ ده‌وا و ده‌رمان
به‌خێر نه‌هاتی مانگی مژ و ته‌م
دێنی بۆ ئێمه گه‌لێک ده‌رد و خه‌م
.....
ڕێبه‌ندان:
شاعیر! ماڵ شێواو بۆ دژ داماوی؟
گێژی، خه‌واڵووی، شێتی، خه‌رفاوی ؟
بۆچی تۆ ئاگات له دنیا نییه ؟
بۆچی نازانی ده‌نگ و باس چییه؟
بۆ به‌من ده‌ڵێی قسه‌ی سوێر و تاڵ
بۆچی نازانی بێ خه‌به‌ر ! ئه‌وساڵ
زریانم هێنای بۆ کورد ئازادی
شه‌ماڵم هێنای بۆ ئێوه شادی
مژی من هات و مژی هه‌ژاری
ڕه‌واند، یه‌کجاری له کورده‌واری
به که‌ڕه‌سیسه و پروشه و سیخوار
ئاواتی کۆنی کوردم هێنا خوار
له ڕۆژی مندا کورد به ڕووسووری
هه‌ڵی بژاردووه ڕه‌ئیس جمهوری
جا ئه‌و جار باوی کو‌ردی دێته‌وه
ئاسووده ده‌بێ، ده‌حه‌سێته‌وه
شاعیر:
گیانی شاعیرت ده‌که‌م به قوربان
وا هاتووی ئه‌وساڵ مانگی ڕێبه‌ندان!
ده‌ک به‌خێر هاتی، قه‌ده‌مت پیرۆز
به قوربانت بێ جێژنه‌که‌ی نه‌ورۆز
ڕۆژی تۆ جێژنی گه‌وره‌ی کوردانه
ناوت ده‌رمانی ژان و ده‌ردانه
ئه‌وساڵ به‌هاره بۆ ئێمه زستان
بمرێ دوژمنی کورد و کوردستان
هیمن
ڕۆژی شادی
ڕۆژی خۆشی و پێکه‌نین و داوه‌ته
هه‌ی چ ڕۆژێکی به‌قه‌در و قیمه‌ته
جێژنی سه‌ربه‌ستی و ده‌می ئازادی یه
کاتی عه‌یش و نۆش و شایی و شادی یه
به‌رگی ڕه‌ش ئیتر له به‌رمان دادڕا
به‌نده‌کی دیلی و ئه‌ساڕه‌ت هه‌ڵبڕا
سه‌ربڵیندین چونکه وا ئاڵاکه‌مان
هه‌ڵکراوه گه‌ییه ته‌شقی ئاسمان
په‌رچه‌می سوور و سپی و سه‌وزی ئه‌مه
شادی هێنه لابه‌ری ده‌رد و خه‌مه
سووره‌که‌ی یانی ئه‌وه‌ی بێته بنم
خوێن ده‌بێ بڕژێنێ بۆ پاراستنم
سپییه‌که‌ی یانی که‌سێکه ڕووسپی
هیچ شتێک نه‌یکردبێ مات و کپی
سه‌وزه‌که‌ی دێنێته به‌رچاوان وڵات
ئه‌وه ده‌مه‌ی فه‌سڵی به‌هاری جوانی هات
تیشکی ڕۆژی کورد له ژێر هه‌وری سیا
هاته‌ده‌ر ئه‌نگاوتی وا لووتکه‌ی چیا
دوو گوڵی گه‌نمیش ده‌ڵێ هه‌ر کشت و کاڵ
زۆر بکه‌ن مشتی بکه‌ن عه‌مبار و چاڵ
پێت ده‌ڵێ نووکی قه‌ڵه‌م: نووکی قه‌ڵه‌م
زۆر له شیر باشتر ده‌پارێزێ عه‌له‌م
هیمن
ڕه‌ق هه‌ڵاتم
من له داخی خزمی خوێڕی و ئاشنای ئه‌حمه‌ق هه‌ڵاتم
من له ترسی زاق و زووقی ئه‌منیه‌ی چاو زه‌ق هه‌ڵاتم
کوا به خۆشی خۆم به‌جێ دێڵم وڵاتی خۆشه‌ویستم؟
من له ترسی زلله و باتووم و دار و شه‌ق هه‌ڵاتم
هه‌ر به پێیان و به کۆمه کۆمه گه‌یمه ئه‌و وڵاته
ڕه‌نگه پێت وابێ به سواری مایه‌نی گوێ له‌ق هه‌ڵاتم
نۆکه‌ری بێگانه ناکه‌م، هاته جێ فه‌رمایشی خۆم
وا له برسان و له بێ به‌رگی ئیمڕۆ ڕه‌ق هه‌ڵاتم
1347
هیمن
هێــمن
چاوەڕێی شەوێکم قەت نەنوسراوەو نایەت
چاوەڕێی ووشەیەکم قەت نەوتراوەو ناوترێت
من ئەزانم کە ڕۆژگار ئەمکات بە دیاری خۆڵ
بۆیە دنیا بەردەوام دەبینم بە تاریکی و ڵێڵ
ئەمزانی ڕۆژێ من ئەگۆیتەوە بۆ سامان و ماڵی دنیا
بۆیە قەت خۆشیم نەدا بەدڵم فێرم کرد ژیانی تەنیا
زانیم دوا رۆژم تەنهایو بێ کەسیە
بۆیە لەکەس نزیک نەبومەوە تا نەزانن خەمم دڵداریە
ئای بۆ خوا دڵی دروست کرد هەتا مرۆڤ پێی بژی
نەیزانی کەڕۆژێک ئەبێ بەگەورە ترین پیاو کوژ زۆرترین کەس لەناو دەبات
بەچاوی پڕ گریانەوە دەست بەرز ئەکەمەوە ئەپاڕێمەوە لە خوا
کە دڵێ دروست بکا وەفاو خۆشەوتستی تیابێت نەک کەیفو سەف
ڕه‌شه‌مه
ده‌ک به‌خێر بێی قه‌ده‌مت خێره، چ خۆشی ڕه‌شه‌مه
تاکو تۆ هاتی نه‌ما و تێپه‌ڕی ڕۆژی ڕه‌شی مه
ئێسته‌که کورده هه‌موو بێ هه‌م و بێ ده‌رد و خه‌مه
شاده، ئازاده، ده‌کا گاڵته و گه‌پ، که‌یف و گه‌مه
نیشتمانی هه‌موو ڕازایه‌وه، باخی ئیره‌مه
.....
شین و ڕۆڕۆ بوو به‌شی کورد و سه‌ری نابوو له هه‌ش
چون له ئازادی بڕێک نه‌یبوو ئه‌ویش به‌هره و به‌ش
کورده‌واری هه‌موو داگرتبوو هه‌ور و ته‌می ڕه‌ش
نه‌ده‌بینرا له چ لا تیشکی گه‌لاوێژی گه‌ش
به شنه‌بایێکی ڕه‌حمه‌ت ڕه‌وی ئه‌و هه‌ور و ته‌مه
.....
هاته مه‌یدانێ کوڕی کو‌ردی وه‌کوو فیلی ده‌مان
هه‌وڵی ئازادی ده‌دا ئه‌و به هه‌موو وه‌خت و ده‌مان
دوژمنی کو‌ردی ئه‌وه‌ی دیت و تروسکایی نه‌مان
ده‌شه‌کێنێته‌وه با ئێسته‌که ئاڵایه‌که‌مان
سه‌ر و ماڵ و که‌س وکارم به فیدای ئه‌و عه‌له‌مه
.....
لاوی کو‌ردی له هه‌موو لاوه وه‌کو شێری ژیان
دێته مه‌یدان و ده‌ڵێ: من ده‌مه‌وێ مافی ژیان
تازه هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێ ئه‌و، به قسه‌ی نه‌رم و نیان
دوژمنی میلله‌تی کو‌ردی هه‌موو تووڕه‌ن که دییان
ئه‌و به سه‌ربه‌ستی ده‌ژی، دوژمنی زۆر و سته‌مه
هێـمن
دوا ڕۆژی ڕوناک
له‌مێژ بوو هه‌ققی کورد ده‌خورا به فیڕۆ
له‌مێژ بوو کورد بوو ده‌یکرد شین و ڕۆ
له مه‌یدانی شه‌قێنی دوژمنی دا
سه‌ری سه‌رداری کو‌ردی بوو وه‌کوو گۆ
به ده‌وری لاشی نیوه‌گیانی ئه‌ودا
هه‌زرا گورگ و چه‌قه‌ڵ ده‌یکرد مڵومۆ
دیانبه‌ست بۆ کوتانی مه‌رج و په‌یمان
هه‌ناوی لێی ده‌هات بۆچروک و بۆسۆ
له دێ‌دا ئه‌منیه‌ی لێ ببوه مێمڵ
له شاری (شاره‌بانی) لێ ببۆ سۆ
هه‌زرا لاوی له به‌ندیخانه دا مرد
هه‌زرا پیاوی ته‌نافی هاته ئه‌ستۆ
کوڕی کو‌ردی له خوێنی خۆی ده‌گه‌وزی
کچی کو‌ردی سه‌ری کردبوو وه ئه‌ژنۆ
ئه‌وه‌ی سوکایه‌تی بوو کردی پێمان
نه‌ده‌کرا که‌س بڵێ بۆ وا ده‌که‌ی، بۆ ؟
بڕا نێفه‌ک، دڕا سه‌رپێچ و ده‌سماڵ
برا کیژ و، درا کوڕ پاڵه‌په‌ستۆ
گوڵستان و زه‌مه‌ندی کورده‌واری
به‌پێی دوژمن ده‌بوو پێشێل و بۆژۆ
ده‌یانکرد ده‌غڵ و دانی ئێمه به‌ش به‌ش
ده‌یانبرد دانه‌وێڵه‌ی ئێمه کۆ کۆ
ئه‌وی گه‌نمی ڕه‌نێو دێنا به زه‌حمه‌ت
له ماڵێیدا نه‌بوو خۆی زمهه‌ڕێک جۆ
له کیسه‌ی دا نه‌بوو تاڵایی تووتن
ئه‌وی سازی ده‌کرد سیغاری (ئوشنۆ)
به دوو گه‌ز جاوه‌وه خه‌ونی ده‌بینی
ئه‌وی عه‌مباری شای پڕ کرد له په‌ممۆ
په‌نیر و ڕۆنه‌که‌ی ئێمه‌ی به زاری
ئه‌وان ده‌خورا، ده‌ما بۆ ئێمه هه‌ر دۆ
مریشک و قاز و باڕۆکه و مراوی
به‌شی وان بوو، به‌شی ئێمه په‌ڕ و پۆ
له شارا تاکو(تابین) جه‌رده و دز
وڵاتیان کردبوو تاڵان و تاپۆ
هه‌موو سووک و چرووک و په‌ست و به‌دخوو
هه‌موو ناپاک و نا ئینسان و نامۆ
له‌به‌ر زوڵم و فشار و جه‌ور و بێداد
چلۆن تێک چوو بوو لێمان ڕایه‌ڵ و پۆ
جلیتباز که‌نگێ ده‌یوێرا بڵێ هه‌و
فه‌له خۆی کوانی ده‌یوێرا بڵێ هۆ
له ژێر باری گرانی زوڵمی دوژمن
ده‌یانبرد مه‌زنه‌کانی گه‌وره نسکۆ
له‌پڕ جوڵاوه خه‌ڵک و تێکی ڕوخاند
بناغه‌ی کۆشکی ئیستیبدادی یارۆ
شکا بێگانه، پاڵاوتی له ترسان
کوڕی کورد، هاته‌وه دیسان هه‌لی تۆ
مه‌وێسته، خۆت مه‌گنخێنه، مه‌ترسه
له فیشاڵ و له بوختان و له ده‌مگۆ
هه‌ته حیزبێکی دیموکڕاتی پێشڕه‌و
که پێویسته له ده‌وری کۆ وه‌بی ، کۆ
له سایه‌ی حیزبی دیموکڕاتی خۆمان
له باڵدار تێپه‌ڕی ئه‌وڕۆکه پێڕۆ
ده‌سا خۆت هه‌ڵکه ڕێ ببڕه به گورجی
بڕۆ پێش بێ وچان ، لێ بخوڕه، باژۆ
نه‌ما داخ و په‌ژاره و ماته‌م و خه‌م
زه‌مانی هه‌ڵپه‌ڕین و به‌زمه ئیمڕۆ
له شایی ئێمه‌دا نابینی ئێستا
کچێکی دڵبه‌خه‌م، لاوێکی بێ دۆ
درۆزن بۆی بزر بوو، هاته مه‌یدان
کچی ئازا، کوڕی لێزان و هه‌قگۆ
توخونی دوژمنی به‌دکاره نابین
که سوتاوه ده‌سی ئێمه به پشکۆ
زمانی ئێمه گه‌ر نازانێ دوژمن
ده‌بێ حاڵی بکه‌ین ئه‌مجار به بڕنۆ
له پێشمان دایه دوا ڕۆژێکی ڕووناک
ئیتر ناخورێ هه‌قی ئێمه به فیڕۆ
هیمن
ده‌یڵێم و بێ باکم
هه‌چێکی بێته سه‌ر زارم
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
ئه‌گه‌رچی بێکه‌س و زارم
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
ئه‌وی ئاغابێ ، بیکاره
جه‌بوون و قه‌ڵس و لاساره
دزی و ڕێگرتنی کاره
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
گه‌لێ بێ فیکر و ئیدڕاکن
گه‌لێ بێ خێر و ناپاکن
توخوا که‌ی کامه‌یان پاکن؟
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
ئه‌وه‌نده گێژ و بێ هۆشن
حه‌یا و نامووسێ ده‌فرۆشن
له‌بۆ ئازادی ناکۆشن
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
خودای ئاغاوه‌تان قه‌نده
له‌بۆ قه‌ندن هه‌موو به‌نده
به‌حاڵی وان ده‌که‌ن خه‌نده
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
نییانه بیری سه‌ربه‌ستی
ده‌که‌ن فه‌خرێ به ژێرده‌ستی
ده‌ڕۆن هه‌روا به‌ره‌و په‌ستی
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
له تاڵان و بڕۆ ئازان
له ڕێگرتن هه‌موو وریان
درۆ ناکه‌م بپرسن وان ؟!
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
ئه‌وانی ئێستێ سه‌ردارن
جه‌فاجۆن و سته‌مکارن
غوڵامی پووڵ و دینارن
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
به شه‌و تا ڕۆژ ده‌که‌ن ته‌گبیر
چ مڵکێکی بکه‌ن داگیر
چ داماوێک بکه‌ن یه‌خسیر
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
له‌به‌ر زوڵم و جه‌فای وانه
وه‌ته‌ن یه‌کباره وێرانه
هه‌زار خۆزگه‌م به بێگانه
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
له شه‌رم و شووره‌یی مردم
به‌خۆم من گه‌ر بڵێم کوردم
که ئاغا ئابڕووی بردم
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
منم لاوێکی بێ په‌ڕوا
له که‌س باکم نییه به‌خوا
ئه‌گه‌ر ئاغا له حه‌پسم کا
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
هیمن
دایکی نیشتمان
له کاتی نیوه‌شه‌و دا بوو شه‌وێ دی
ژنێکی پیر و ڕه‌شپۆشم له خه‌و دی
به پارێز چوومه پێش لێی و گوتم پێی
چکاره‌ی دایه پیره، پێم بڵێ کێی ؟
له‌به‌ر چی وا دژ و داماوی دایه
چ قه‌وماوه که وا شێواوی دایه ؟
چیه؟ چۆنه له‌به‌ر تۆ دا جلی ڕه‌ش ؟
سه‌ر و شان و ملت بۆ ناوه‌ته هه‌ش ؟
.....
گوتی : نازانی ڕۆڵه‌ی هیچ نه‌زانم
ئه‌من کێم؟... ڕۆڵه ، دایکی نیشتمانم
له تاوی ئێوه‌یه وا مات و گرژم
له سوێی ئێوه ده‌سووتێم و ده‌برژێم
ده‌بینم ئێوه داماو و هه‌ژارن
کز و خه‌مبار و زار و لێو به بارن
منیش بۆیه په‌رێشان و په‌شێوم
ده‌بینی باری خه‌م نیشتوه له لێوم ؟
نه‌خۆشن ئێوه، بۆیه من نه‌خۆشم
ئه‌سیرن ئێوه، بۆیه ڕه‌ش ده‌پۆشم
.....
به قوربانت ده‌بم ئه‌ی دایکی دڵسۆز
مه‌به چیدیکه تۆ دڵته‌نگ و ئاڵۆز
ته‌ماشاکه کوڕی تۆ شادن ئێستا
هه‌موو سه‌به‌ستن و ئازادن ئێستا
.....
ده‌زانم ڕۆڵه‌گیان خه‌ڵکی مه‌هاباد
له ژێرده‌ستی کران ڕزگار و ئازاد
به‌ڵام ڕۆڵه‌م برای ئێوه له سه‌قز
ته‌ماشاتان ده‌که‌ن داماو و سه‌رکز
چ شه‌رمه کاری ئێوه پێکه‌نین بێ
به‌ڵام کاری ئه‌وان گریان و شین بێ
ئه‌گه‌ر پێت خۆشه جلکی ڕه‌ش نه‌پۆشم
بکه‌ن ئازاد کوڕانی دیم و خۆشم
.....
له‌به‌ر خۆت داڕنه دایه جلی ڕه‌ش
دڵت ڕوون بێته‌وه کوڵمه‌ت ببێ گه‌ش
هه‌نیسکان به‌س بده چیدی مه‌که شین
ببینه به‌یڕه‌قی سوور و سپی و شین
ببینه (پێشه‌وای) مه‌شهووری ئێمه
ببینه تۆ ڕه‌ئیس جمهووری ئێمه
ببینه هێزی پێشمه‌رگه و بزانه
که نووکی نێزه شمشێری ئه‌وانه
له ژێرده‌ستی ده‌کا ڕزگار و ئازاد
ته‌واوی کورده‌واری وه‌ک مه‌هاباد
هیمن
خۆزگه
خۆزگه وه‌ک خۆر نه‌مدیبایه شه‌وی تار
خۆزگه تاوێ ڕام نه‌بواردبایه بێ یار
خۆزگه پیری که‌له‌لای نه‌ده‌کردم
خۆزگه له یه‌که‌م ژوانگه دا ده‌مردم
1977
ـــــــــــــــــــــــــ
شه‌رابی خه‌ست
جێژنی نه‌ورۆزه، شه‌رابم خه‌ست تره
تا نه‌ڵێن بولبول له شاعیر مه‌ست تره
جوانی گوت شۆخی له‌باری باده‌گیر:
" ئه‌و که‌سه‌ی سه‌رمه‌ست تره، سه‌ربه‌ست تره
"انچنانرا انچنان تر می‌کند "
شا‌عیری ده‌روه‌ست به مه‌ی ده‌روه‌ست تره
چیمه‌نی شێلا به شایی کیژی کورد
وه‌ی دڵم له‌و چیمه‌نه پێ په‌ست تره
من بڕستم لێ بڕا یا کیژی شار
زۆر له کیژی ده‌شته‌کی به‌یده‌ست تره
1978
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
به‌هاری زه‌رد
(بۆ له‌یلا قاسم)
هه‌میشه ده‌رد ده‌بینم، ده‌رد ده‌بینم
درۆی دوژمن ، ده‌هۆی نامه‌رد ده‌بینم
مه‌گه‌ر زه‌ردایی ناکه‌ن چاوه‌کانم
که ڕه‌نگی نه‌وبه‌هاری زه‌رد ده‌بینم
.....
به سۆزه‌ی با که سکڵی دڵ گه‌شاوه
ده‌روون پڕ سۆز و، فرمێسکم خوناوه
له دووی له‌یلا به واوه‌یلا و شیوه‌ن
ده‌ڕۆم و پۆلی شینگێڕم به دواوه
.....
بزه‌ی هاتێ گوتی : ڕووناکه ئاسۆم
وه‌ره جه‌للاد په‌تت باوێژه ئه‌ستۆم
ئه‌وه په‌ت نییه میداڵی ئیفتیخاره
که بوومه قاره‌مانی میلله‌تی خۆم
ئه‌وه‌ی بیست شاعیر و گریا به‌زاری
ئه‌گه‌رچی به‌سترابوو لێو و زاری
گوتی: له‌یلا هه‌میشه پایه‌داری
له ژێر خاکا له پێش چاوان دیاری
.....
که تۆ تۆرای له چاوان وه‌ک خه‌وی من
له بسکت ڕه‌شتره مانگه شه‌وی من
بڕۆ مه‌جنوون به له‌یلای خۆت مه‌نازه
که ناوبانگی پتر ده‌رکرد ئه‌وی من
1985
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
مانگه شه‌و
به‌ڵێنی ڕاگه‌یاندێ ڕاسپارده
گوتی : بۆت دێته بن ئه‌و پارده، غارده
له جێ ژوانێ له‌مێژه چاوه‌ڕێتم،
نه‌هاتی ، کیژی جوانی هه‌ڵبژارده !
ته‌زووی گه‌رمم به له‌ش دا دێ، ئه‌گه‌رچی
ته‌زاندی شان و پیلم به‌ردی پارده
وه‌ره با ڕه‌نگ و ڕوخسارت ببینم
به‌من چی تیشکێ داوێ مانگی چارده
گڕی ئه‌و ڕوومه‌ته‌ی تۆ گه‌رم و جوانه
تریفه‌ی مانگه‌شه‌و، جوانیش بێ، سارده
خونچه‌ی سیس
دیتم له‌ناو دار و ده‌وه‌ن
له سه‌ر چڵی سووره گوڵێک
هه‌ڵکورمابوو، ده‌یکرد شیوه‌ن
به‌ری به‌یانی بولبولێک
گوتم ئه‌ی مه‌لی دڵسووتاو
چییه ، بۆ ده‌ناڵی به تاو؟
که ناڵینت بۆ ئه‌وه‌یه
گوڵت وا زوو هه‌ڵوریوه
ئه‌و ناڵینه بێ فایده‌یه
بۆچی نازانی، نه‌ت دیوه؟
گوڵ هه‌فته ناباته سه‌رێ
سیس ده‌بێت و هه‌ڵده‌وه‌رێ
وه‌ڵامی دامه‌وه بولبول
به شێنه‌یی، به کاوه‌خۆ
گوتی ناناڵێنم بۆ گوڵ
که سیس بووه، ده‌زانی بۆ؟
ئه‌و عومرێکی ڕابواردووه
پشکووتووه جا سیس بووه
ناڵینی من بۆ خونچه‌یه
بۆ خونچه په‌شێوه حاڵم
ئه‌و داخه له دڵمدا هه‌یه
بۆیه هه‌میشه ده‌ناڵم
ئه‌و، پێش پشکووتن سیس بووه
به جوانه‌مه‌رگی مردووه
هیمن
خاوه‌نی زێڕ
له‌بار و قیت و قۆزه خاوه‌نی زێڕ ئه‌گه‌ر کووڕه و وه‌گه‌ر گۆجه و شه‌ل و گێڕ
به‌ژن باریک و شووش و شۆڕه‌لاوه ئه‌گه‌ر پیرێکی خوێن تاڵه و ورگ تێڕ
ده‌ڵێن زانا و ئه‌دیب و خوێنده‌واره ئه‌گه‌ر نه‌ی خوێندبێ شه‌ش پیت و دوو دێڕ
به‌ڵام زێڕت نه‌بێ سووکی ئه‌گه‌ر تۆ
بده‌ی ده‌رسی هه‌زاری وه‌ک شکسپێڕ
هیمن
چاویلکه
له‌و ده‌مه‌ی ڕا دڵم لێی داوه بۆ ژوان
من دێوانه‌ی چاوی جوانم، چاوی جوان
گه‌رچی خه‌ڵکی وڵاتی چاوجوانانم
چاوی جوانم نه‌دی تێر به چاوانم
هه‌تا لاو بووم چاوی جوانم لێ ون بوو
په‌چه و ڕووبه‌ند و چارشێوم دوژمن بوو
ئێستا پیرم و که‌وتوومه‌ته ئاویلکه
هێمن
چاره‌نووسی شاعیر
به‌هار بوو فه‌سڵی زستانم ئه‌گه‌ر یارم ده‌گه‌ڵ بایه
درۆیه گه‌ر گوتوویانه به خونچێکی به‌هار نایه
له بارانێ مه‌پرسه تا هه‌ور بگرێ به‌ری ڕۆژێ
ده‌بێ بگریم هه‌تا ڕووی تۆ له ژێر چارشێوی ڕه‌ش دایه
هه‌ناسه‌م لاده‌دا چارشێو و ڕووبه‌ندی ڕه‌شت ئاخر
هه‌ور هه‌رچه‌نده پڕ بێ کوا حه‌ریفی قودره‌تی بایه؟
له ژێر سایه‌ی برۆکه‌ت دا حوکمڕانی ده‌کا چاوت
له سایه‌ی دۆخی شمشیره که حاکم حوکمی ئیجڕایه
له‌سه‌ر به‌فرێ به‌کار نایه وه‌کوو بیستوومه داوی ڕه‌ش
له‌سه‌ر کوڵمه‌ت ئه‌دی بۆ دڵگره ئه‌و بسکه تاتایه ؟
هونه‌ر ناتوانێ جوانی تۆ به‌هیچ شێوێکی بنوێنێ
له مه‌ڕمه‌ڕ چۆن ده‌تاشرێ هه‌یکه‌لی ئه‌و به‌ژن و باڵایه؟
به ڕیشی بۆزه‌وه سوجده ده‌به‌م من بۆ جه‌ماڵی تۆ
ئه‌دی بۆچی ده‌یانگوت دار که پیر بوو تازه دانایه؟
بزه‌ت نایێته سه‌ر لێو و به‌زه‌ت نایه به حاڵمدا
ئه‌گه‌رچی زۆر له‌مێژ ساڵه له دووت ده‌خوشێم وه‌کو سایه
ده‌زانی بۆچی من هێنده په‌رێشان و خه‌فه‌تبارم
له بازاڕی ژیان غه‌یری هونه‌ر نیمه چ سه‌رمایه
به توتوش تووشی مه‌کته‌ب بۆ ده‌هاتم، من که زانیبام
خه‌فه‌ت، مه‌ینه‌ت، که‌سه‌ر ، حه‌سڕه‌ت، به‌شی ئینسانی زانایه
له‌گه‌ڵ چاره‌ڕه‌شی و دووره‌به‌شی و نه‌گبه‌ت ده‌بێ هه‌ڵکه‌م
له‌مێژه چاره‌نووسی شاعیرانی کو‌ردی هه‌ر وایه
هیمن
جێ ژوان
ئه‌و په‌نجه‌ی وا له بێ هێزی ده‌له‌رزێ
کوشیویه‌تی مه‌مکۆڵه‌ی باڵابه‌رزێ
ئه‌و ددانه‌ی ئێستێ نه‌ماوه تاقی
گه‌ستوویه‌تی زۆرجار چه‌نه‌گه‌ی ساقی
ئه‌و چاوانه‌ی سۆمایی لێ بڕاوه
هێند له جوانان داگیرا، داگیراوه
ئه‌و لێوه‌ی وا ئێستێ باری گرتووه
کوڵمه‌ی نه‌رم و نۆڵی یاری گرتووه
ئه‌و باهۆیه‌ی زه‌مانه لێی بڕی هێز
کام کیژ جوانه گرتوویه‌ته نێو ئامێز
ئه‌و دڵه‌ی وا ژوانی ده‌ویست و جوانی
ئێستا پڕه له خه‌م ، له نیگه‌رانی
ئه‌و پێیانه‌ی شه‌ره‌زه‌ی کردوه کوتر و کوان
ماندوو نه‌بوو قه‌ت له هاتوچۆی جێ ژوان
هیمن
جۆلانه
چوومه لای دوکتۆر ، گوتی :
نه‌خۆشی ده‌رده‌که‌ت سه‌خته
گوتم: تۆ پێت وایه ده‌مرم؟
به‌داخه‌وه، گوتی: وه‌خته
ئه‌و دڵه‌کوته‌ی گرتووته
پیاوی به‌هێزیش بیگرێ
بێتوو ئاگای له خۆی نه‌بێ
هێنده پێ ناچێ، ده‌مرێ
پێکه‌نیم و گوتم دوکتۆر!
ناڵێم زانا و شاره‌زانی
به‌ڵام تۆ پزیشکی ویشکی
باری دڵداری نازانی
دڵه‌کوته‌م نییه، دڵم
جێی کێژێکی خانومانه
منداڵه، ئۆقره ناگرێ
بۆم دروست کردووه جۆلانه
هیمن
جوانی ڕه‌شپۆش
گوتی : ئه‌ی بولبوله سه‌رمه‌سته‌که بۆ خامۆشی ؟
گوتم : ئه‌ی نه‌و گوڵه خۆڕسکه‌که کوا دڵخۆشی ؟
گوتی : ئه‌ی شاعیره گه‌شبینه‌که بۆ ڕه‌شبینی ؟
گوتم : ئه‌ی ناسکه ته‌ڕپۆشه‌که بۆ ڕه‌شپۆشی؟
1974
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ده‌ستی ته‌زیو
حه‌یفه ئه‌و ده‌سته که گوڵزاری ده‌نه‌خشاند، بشکێ
حه‌یفه ئه‌و ده‌سته که دڵداری ده‌گه‌وزاند، بشکێ
حه‌یفه ده‌ستێ که به له‌رزی و به ته‌زیوی دیسان
دوژمنی ملهوڕی زۆرداری ده‌له‌رزاند، بشکێ
1976
ـــــــــــــــــــــــــ
جوان ناسووتێ
دیم کچێکی له‌باری لادێیی
بۆ نوێژ ڕاده‌خا به‌ره‌ڵبێنێ
گوتم : " ئه‌ی نازه‌نین که ڕوخسارت
هه‌موو باخی به‌هه‌شتی خوا دێنێ
بۆچی پێت وایه ئه‌و خودا گه‌وره
هێنده بێ ڕه‌حمه تۆش بسووتێنێ؟! "
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
په‌رستاری ڕه‌شپۆش
پزیشکم شه‌رمه‌زار بۆوه که نه‌یتوانی بکا چاره‌م
ده‌بێ هیوام به مان چه‌ند بێ، که ڕه‌شپۆشه په‌رستارم
ده‌ڵێی چۆنی؟ چلۆنت تێگه‌یێنم ده‌رد و ئازارم
به ساغیش نه‌یتوانی هه‌ستی من ده‌رببڕێ گوفتارم
هێمن
تۆم هه‌ر له بیره
له شایی دا له وه‌ختی هه‌ڵپه‌ڕین دا
له خۆشی دا له کاتی پێکه‌نین دا
له کۆڕی ماته‌م و گریان و شین دا
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
به شه‌و تاکوو به سه‌رما زاڵ ده‌بێ خه‌و
به ڕۆژ تاکوو دووباره دێته‌وه شه‌و
له کاتێک دا که ده‌دوێنم ئه‌م و ئه‌و
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
زه‌مانێکی که ده‌چمه سه‌یری گوڵزار
له گه‌ڵ پۆلی ڕه‌فیقانی وه‌فادار
ته‌نانه‌ت وه‌ختی ده‌سبازی له‌گه‌ڵ یار
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
له کوێستانێ ده‌می ڕاو و شکارێ
له مه‌زرایه که خۆم هه‌ڵکرد له کارێ
له جێ ژوانێ که ده‌گوشم مه‌مکی یارێ
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
ده‌که‌م ته‌رخان له ڕێی تۆ دا ژیانم
له سه‌نگه‌ر دا به‌ره‌و ڕووی دوژمنانم
به خاکی تۆ ده‌می ئاویلکه‌دانم
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
شیلاناوێ ـ 1944
هیمن
تووڕه‌یی
ساقیا! کوشتمی خه‌م و مه‌ینه‌ت
ده وه‌ره له‌و شه‌رابه مه‌ستم که
نامه‌وێ جام و ساغه‌ر و پیاڵه
به‌شی خۆم بۆ له لوێچی ده‌ستم که
.....
وه‌ره ئه‌ی نازه‌نین به‌خێرا خۆت
گێژ و وێژم بکه به باده و مه‌ی
با منی ڕه‌نجه‌ڕۆ له ژینمدا
هیچ نه‌بێ جارێکی بڵێم ئۆخه‌ی!
.....
حاسڵی تێگه‌یشتن و زانین
چ بوو بۆ من، جگه له کوێره‌وه‌ری ؟
سه‌رده‌مێکیش په‌نا ده‌به‌م بۆ مه‌ی
تا بزانم چلۆنه بێ خه‌به‌ری
.....
له‌و وڵاته که‌سێک له خه‌و ڕابێ
به‌شی چاره‌ڕه‌شی و خه‌م و شینه
تێگه‌یشتم عیلاجی ده‌ردی من
مه‌ستی و شێتی و نه‌زانینه
هیمن
ته‌پڵی ئه‌مان
قه‌ڵه‌م سه‌رکێشه، بیریش مووقه‌ڵێشه
به‌ڵام یاڕه‌ببی ڕووی ڕه‌ش بێ زه‌مانه
دڵی ته‌نگه، له ده‌ستانی هه‌میشه
مه‌کۆگه‌ی مه‌ینه‌ت و ده‌رد و خه‌مانه
هه‌موو تیری به‌ڵای ئه‌و ڕۆژگاره
ده‌کا بۆ سینگی پڕ زامم که‌مانه
برا و خزم و که‌سوکارم به جارێ
ئه‌وان لێم بوونه‌ته داسی ڕمانه
له ماڵی خۆم ده‌که‌م بۆنی غه‌ریبی
که بێزارم له هه‌رچێکی هه‌مانه
ئه‌وه‌ی خۆشم ده‌ویست وه‌ک گیانی شیرن
ته‌ماشای بۆته مشته‌ی ناو هه‌مانه
له ڕاس من دێڵه‌ڕێوی ترسنۆکیش
وه‌ها ڕاسا ده‌ڵێی فیلی ده‌مانه
ئه‌وی دایم له‌ژێر خه‌ڵکا ژیاوه
له‌سه‌ر من پاڵه‌وان و قاره‌مانه
ده‌می خۆشم له ژینم دا نه‌دیوه
بخوازم تاکو خۆزگه‌م به‌و ده‌مانه
گه‌مه‌ی تۆیشم به‌لاوه سه‌هله خوێڕی!
گه‌لێکم پێکراون له‌و گه‌مانه
هه‌مه هیوا به دوا ڕۆژێکی ڕووناک
به‌شی ئینسانی بێ هیوا، نه‌مانه
به شیوه‌ن چاری کاری ئێمه نایه
خه‌بات، که‌ڵکی نییه مامه‌خه‌مانه
له‌به‌ر تۆ چاره‌نووسی شووم و به‌دفه‌ڕ
ئه‌وی قه‌ت لێی نه‌ده‌م ته‌پڵی ئه‌مانه
هیمن
ترۆپکی ڕزگاری
ڕێبوارێکم ئازا و به زیبک و زاکوون
ده‌بڕم چۆڵ و چیا و پێده‌شت و بێروون
به‌رهه‌ڵستم ده‌که‌م هه‌پرون به هه‌پروون
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
که‌ند و کۆسپ هه‌نگاوم پێ ناکا شل
بێته سه‌ر ڕێم هه‌زاران گابه‌ردی زل
به‌هێزی شان و باهۆ پێیان ده‌ده‌م تل
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
پێم گرته‌وه، ده‌رچووم له داره داره
ڕێم گرته‌وه، ڕێگای (قازی) و (ئاواره)
نامترسێنێ گولله، په‌تک، سێداره
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
به‌و خوێنانه‌ی له‌و ڕێبازه ڕژاوه
گوڵی ئاڵی سه‌ربه‌ستی کورد ڕواوه
منیش به دڵی پڕ له هیوا و بڕواوه
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
ڕۆڵه‌ی کوردم فێری هه‌وراز و لێژم
تا زوو بڕۆم زیاتر ئاره‌ق بڕێژم
کورت تر ده‌بێ ڕێگای دوور و درێژم
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
نا‌ڕه‌ومه‌وه له داوه‌ڵ و تارمایی
زۆرم دیوه بوولێڵ و تاریکایی
دێنم به‌و شه‌وگاره ڕه‌شه دوایی
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
من په‌رورده‌ی بن سێبه‌ری ئه‌شکه‌وتم
گه‌لێک جاران له چاڵاوی ڕه‌ش که‌وتم
هاتمه ده‌رێ، هه‌دام نه‌دا ، نه‌سره‌وتم
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
هیمن
تاوانی بێ هێزی
له کۆ ئه‌سرین ده‌بارێنم له‌بۆ کو‌ردی په‌راکه‌نده
له گه‌رمێن غه‌رقی ئاره‌ق بووم و چاوم هه‌ر له سامڕه‌نده
منی زنجیر پسێن لێره ئه‌سیری بسکی جوانێکم
زه‌مانه گه‌رچی ئاڵۆز و په‌شێوه، « که‌ڵ به موو به‌نده »
گوتی : « ئێواره بازاڕێ وه‌ره ماچت ده‌مێ»، نه‌مویست
هه‌ڵۆی کوێستانی کوردستانم و ناژیم به ده‌سته‌نده
دڵم سه‌د هێندی دیکانه به ناز بشکێنی ، ده‌نگ ناکه‌م
چ سوودێکی هه‌یه ، کێ یه بپرسێ داد و گازنده !؟
جیهان و هه‌رچی خێر و خۆشی یه بۆ هه‌ڵبژاردانه
به قانوونی ته‌بیعه‌ت پاشه‌رۆکخۆره ئه‌وی گه‌نده
ئه‌گه‌ر تاوانی بێ هێزی نی یه بۆچی له دنیا دا
به‌شی من ماته‌م و شینه، به‌شی خه‌ڵکی زه‌ماوه‌نده ؟
به مردووییش نیشانه‌ی گولله‌یه ئه‌و که‌لله پڕ شۆره
ئه‌وێستاش ده‌رسی سه‌ربازی ده‌ڵێ ئه‌و شاعیره ڕه‌نده
سه‌ری ته‌عزیم له‌به‌ر تۆ دانه‌واندن فه‌خره بۆ« هێمن»
بژی «حاجی» که کێوی هیمه‌تت سه‌د هێندی ئه‌لوه‌نده
هیمن
په‌یامی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو
په‌یامی من به گوێی ئه‌م دولبه‌ره نازداره ڕاناگا
نه‌سیم بێ‌سیم ده‌بینێ، شل ده‌بێ، به‌م کاره ڕاناگا
گوتی سه‌برت هه‌بێ دووباره دێمه دیتنت ، ئه‌مما
له کورتی دا ته‌مه‌ن، وا دیاره به‌و کاره ڕاناگا
وه‌کوو په‌روانه ده‌وری لێ ده‌ده‌ن لاوانی خۆ وڵاتی
گوڵی ئێره به ژوانی بولبولی ئاواره ڕاناگا
نه‌خۆش و ده‌رده‌دار و دڵ بریندارم، په‌رستارێک
به حاڵی ئه‌م دڵه پڕ ژان و پڕ ئازاره ڕاناگا
ده‌که‌ی ماچی ده‌م و لێوان ئه‌گه‌ر هێز و گوڕێکت بێ
ده‌نا جوانێک به ده‌ردی ئاشقی بێچاره ڕاناگا
هه‌تا کۆمتر ده‌بێ پشتم ، پتر هه‌ڵده‌کشێ مینی ژۆپ
ئیتر ده‌ستم به داوێنی کچی ئه‌م شاره ڕاناگا
ده‌بێ بولبول له من فێر بێ غه‌زه‌لخوانی، به‌ڵام چ بکه‌م
گرفتارم ، چریکه‌م به‌و گوڵ و گوڵزاره ڕاناگا
هیمن
په‌ری شیعر
ئه‌ی کچی جوان! کچی له‌بار!
ئه‌ی کچی زانا و خوێنده‌وار!
ئه‌ی گولاڵه‌ی نواڵی کوێستان!
مایه‌ی شانازی کوردستان!
تیشکی هیوای دوا ڕۆژی ڕوون!
ساڕێژکه‌ری زامی ده‌روون!
گه‌لاوێژی به‌شۆقی گه‌ش!
ڕووناک که‌ره‌وه‌ی شه‌وی ڕه‌ش!
به‌هاری خێر و بێرو هات!
گزنگی به‌یانی ئاوات!
شیعرت ده‌وێ له منی پیر
له منی پیری گۆشه‌گیر
له شا‌عیری زمان بڕاو
له شا‌عیری ده‌فته‌ر دڕا‌و
له شا‌عیری به‌ساڵاچوو
له شا‌عیری وشک هه‌ڵاتوو
شێعرێکی ته‌ڕ، شیعرێکی خۆش
شێعرێک دڵان بێنێته جۆش
شێعرێک دامرکێنێ ده‌روون
به برینان بێنێ گۆشته‌زوون
شێعرێک وه‌ک خوناوه‌ی باران
شێعرێک وه‌ک سرته‌ی دڵداران
ناسک‌تر له هه‌ودای خه‌یاڵ
شیرین‌تر له بزه‌ی منداڵ
وه‌ک ئاره‌قه‌ی هه‌نیه‌ی جوانان
وه‌ک دڵه‌خورپه‌ی جێ ژوانان
وه‌کو که‌شم و نه‌شمی بووکێ
وه‌ک ڕه‌نگ و بۆنی گوڵووکێ
بێ خه‌وش وه‌ک ئاونگی گوڵ
پڕ پڕ له هه‌ست و سۆز و کوڵ
له ئاوی کانی ڕه‌وانتر
له په‌لکه‌زێڕینه جوانتر
شێعرێک وه‌ک سێبه‌ری بژانگ
وه‌کو خه‌رمانه‌ی ده‌وری مانگ
ڕێکتر له گه‌ڕی ڕه‌شبه‌ڵه‌ک
خۆشتر له خرمژنی کرمه‌ک
له گوشینی ده‌ستی دۆ خۆشتر
له مه‌که و ئه‌یه‌ڕۆ خۆشتر
وه‌ک نیگای چاوی خه‌واڵوو
به له‌شاندا بێنێ ته‌زوو
وه‌ک شه‌راب بگه‌ڕێ له خوێن
خه‌مڕه‌وێن بێ و نه‌شه بزوێن
شێعرێک وه‌ک ده‌ریای بێ بن
گه‌رمتر له باوه‌شی ژن
شێعرێک سرودی شادی بێ
شێعرێک ده‌نگی ئازادی بێ
شێعرێک مزگێنی نه‌جات بێ
شه‌وچه‌له‌ی کۆڕی خه‌بات بێ
شێعرێک ڕه‌ق بێ، ڕق بێ، قین بێ
گڕ بێ ، بڵێسه بێ، تین بێ
شێعرێک سه‌نگچنی سه‌نگه‌ر بێ
شێعرێک بریقه‌ی خه‌نجه‌ر بێ
هێزێک بێ دوژمنبه‌زێن بێ
مستێک بێ گورچوو ته‌زێن بێ
بڵێسه‌ی گولله‌ی هه‌ڵمه‌ت بێ
شه‌پۆلی ڕقی میلله‌ت بێ
شێعرێک نووستوو ڕاپه‌ڕێنێ
شێعرێک دوژمن داپه‌ڕێنێ
بشکێنێ ده‌رکی باستیلان
ئازاد بکا کۆیله و دیلان
هه‌ڵبڕێ قه‌فی زنجیران
چه‌ک بداته ده‌ست یه‌خسیران
بپه‌ڕێنێ ده‌ستی جه‌للاد
بهاڕێ ساتۆڕی بێداد
نرکه‌ی سینگی کرێکار بێ
ئاڵای شۆڕشی جوتیار بێ
هه‌روه‌ک گڕی ئاگری نه‌ورۆز
ڕه‌مزی ئازادی بێ و پیرۆز
هه‌زاران کاوه‌ی زه‌حمه‌تکێش
پاڵ پێوه بنێ به‌ره‌و پێش
شێعرێک هه‌م توند بێ و هه‌م ورد بێ
یانی شێعری ئه‌وڕۆی کورد بێ
به‌ڵام ئه‌ی فریشته‌ی جوانی
ڕه‌نگ بێ ئه‌م نوکته نه‌زانی
په‌ری شێعر وه‌ک کچی جوان
بۆ پیاوی پیر نایه‌ته ژوان
هیمن
بۆسه‌ی ڕۆژگار
نیمه ئاواڵێ له گۆشه‌ی بێکه‌سی دا خه‌م نه‌بێ
چاکه ئه‌و لێره‌ش وه‌فای هه‌ر ماوه، سایه‌ی که‌م نه‌بێ
لاپه‌ڕه‌ی ژینم هه‌موو هه‌ڵده‌یته‌وه تێیدا نییه
باسی فرمێسک و هه‌ناسه وشیوه‌ن و ماته‌م نه‌بێ
ڕۆژگاری سپڵه بۆ من بۆسه‌یه‌کی نایه‌وه
نه‌مدی هه‌ر تیرێکی ده‌یهاوێ، به‌ره‌و سینه‌م نه‌بێ
ڕه‌نجی دووری دلبه‌رم بۆ کوشتنی من کافی یه
گه‌ر له دنیادا ئه‌من هیچ مه‌ینه‌تێکی دیکه‌م نه‌بێ
کوا ده‌زانێ چه‌ند په‌رێشان و په‌شێوه حاڵی من ؟
ئه‌و که‌سه‌ی گیرۆده‌یی ئه‌گریجه و په‌رچه‌م نه‌بێ
ڕه‌مزی دڵداری له زینێ فێر نه‌بوو یارم ده‌نا
کوا ئه‌وینداری وه‌فاداری وه‌کو من، مه‌م نه‌بێ ؟
کیژی شاریمان له‌خۆی وه‌رگرتووه چارشێوی ڕه‌ش
داخه‌که‌م نه‌مدی له‌وێ مانگێکی ده‌وره‌ی ته‌م نه‌بێ
شادی جارێکی به میوانی نه‌هاتۆته دڵم
ڕه‌نگه خه‌ڵوه‌تخانه‌یی خه‌م شوێنی نامه‌حره‌م نه‌بێ
خۆم ده‌سووتێنم هه‌تا به‌زمی خه‌ڵک ڕۆشن بکه‌م
کێ له ڕێی خه‌ڵکا وه‌کوو شاعیر ده‌سووتێ، شه‌م نه‌بێ
1338
هیمن
به‌هاری کوردستان
شه‌ماڵ هات به گاڵه گاڵ هه‌ور بوون گه‌واڵ گه‌واڵ
پشکووت گوڵی گه‌ش و ئاڵ بولبول که‌وته ناڵه ناڵ
به له‌نگێزه و به باران به شنه بایی به‌هاران
توانه‌وه وه‌کو جاران که‌وی به‌فری نیساران
نه‌ما مژ و سه‌رما و سۆڵ نه سیخوار ما نه سه‌هۆڵ
تا‌ت و ڕژد و شی‌و و دۆڵ لێی هاته ده‌ر گیا و گۆڵ
ده‌شت و چیمه‌ن ڕازاوه کێو و به‌نده‌ن نه‌خشاوه
زۆنگ و چینکه ژیاوه گیا سه‌ری پێوه ناوه
له هه‌وشین و گه‌ده و له‌ند له کوێستانی ده سامڕه‌ند
هه‌ڵز و بیزا و گیابه‌ند تێک چڕژا، بۆته زه‌مه‌ند
کار و کووری بزن و مه‌ڕ لرفه لرفی لۆک و نه‌ڕ
کۆڕژنی ئه‌سپی به‌دفه‌ڕ گوێچکه‌ی پیاوی ده‌کا که‌ڕ
وه‌نه‌وشه‌ی جوانی خۆشبۆ هاته ده‌ر له لێوی جۆ
دار ده‌ری کردوه چرۆ که‌روێشکه‌ی کرد گه‌نم و جۆ
سوێسن و به‌یبوون و شللێر ڕواون له جێگای زه‌نوێر
قه‌ڵبه‌زه‌ی به‌ست ئاوهه‌ڵدێر شه‌پۆڵان ده‌دا ئه‌ستێر
بۆنی خۆشی هه‌ڵاڵه پیاو مه‌ست ده‌کا له نواڵه
وه‌ک شه‌هیده گوڵاڵه له خوێناو دا شه‌ڵاڵه
گرمه‌ی هه‌وری به‌هاران دێ به‌یانان و ئێواران
خوناوه‌ی ورده‌باران ته‌ڕ ده‌کا گه‌ڵای داران
ئه‌و ترۆپک و نشیوه ئه‌و یاڵ و خڕ و شیوه
له گوێن به‌هه‌شت خه‌مڵیوه کێ مه‌ڵبه‌ندی وای دیوه ؟
تیره‌گ و گه‌وه و لاپاڵ پێی دادرا تارای ئاڵ
سه‌رچاوه‌ی سارد و زوڵاڵ هه‌ڵقوڵی وه‌ک زیوی قاڵ
هات له ڕه‌وه‌ز و له زه‌ردان قاسپه‌ی که‌وی سه‌ربه‌ردان
ورته ورتی هه‌وێردان دێ له ناو شیناوه‌ردان
له کن کارژیله و به‌رخه‌ل له کن بزن و مه‌ڕی شه‌ل
که بۆیان هه‌ڵکه‌وێ هه‌ل کچ و کوڕ ده‌که‌ن هه‌مزه‌ل
کیژۆڵه‌ی شۆخی جوان چاک شۆڕه‌ژنی داوێن پاک
ڕوو هه‌ڵماڵاو و بێ باک ده‌ڕه‌تێنن زاو و ماک
فیته‌ی شوان، ئۆحه‌ی گاوان دێ له مۆڵگه و ده‌راوان
دێته گوێ لاوکی لاوان بالۆره‌ی به‌ڵه‌ک چاوان
منداڵ له ڕژد و هه‌ڵدێر به‌ر ده‌ده‌نه‌وه تاوێر
شوانه له‌سه‌ر به‌رده بێر تێی توووڕاندوه له بللوێر
مه‌ڕ له گۆشتا بووه سوور خۆ هه‌ڵداوێن شه‌ک و کوور
گه‌ماڵ ده‌که‌ن چه‌ق و لوور سه‌وه‌ڕیان ده‌چێ بۆ دوور
کچی له‌باری ڕه‌وه‌ند هه‌ڵی کرد به‌له‌ک و زه‌ند
که‌زێی هۆنیه‌وه وه‌ک به‌ند کوڕان ده‌گرێ به که‌مه‌ند
له به‌ر ده‌رکی ڕه‌شماڵان ده‌بینی چاو که‌ژاڵان
دڵان ده‌به‌ن به تاڵان کاس ده‌که‌ن کوڕ و کاڵان
لێو ئاڵن، ده‌م بچووکن خوێن شیرن ، ڕه‌زا سووکن
کوڵمه‌یان وه‌ک گڵوکن گه‌وره کچن ، نه‌و بووکن
شل و مل و له‌بارن چاو به‌کل ، گوێ به گوارن
ده‌سماڵ پووڵه‌که‌دارن شه‌ده و گێلگێله‌دارن
ناسک و نه‌رم و نۆڵن خاوێنن ، سپی و سۆڵن
بڵباسی و توند و تۆڵن به مژۆڵ جه‌رگان ده‌کۆڵن
هه‌ڵیان ماڵیوه باسک باسکی قه‌ڵه‌و و ناسک
که ده‌که‌ن تاسکه تاسک ڕه‌وه‌کترن له ئاسک
کیژی مه‌زرینگ و سه‌کردن به له‌نجه و لار ڕاده‌برن
ناز ده‌که‌ن چاو داده‌گرن کوڕگه‌ل ده‌به‌ریان ده‌مرن
کابانی قۆڵ به بازن شه‌نگه‌بێری کێل گه‌ردن
له نێو مه‌ڕ دێن و ده‌چن وه‌ک پۆلی پۆڕان ده‌چن
سوێسن و وه‌نه‌وش و هه‌مین که‌ژێ و خه‌ندان و جه‌مین
خاسێ، که‌وێ، خاتوزین به پۆل ده‌چنه مه‌ڕ دۆشین
زێڕن و کابان و مێرێ دانیشتوون له‌به‌ر بێرێ
ئه‌ستی ده‌کا هاوێرێ گوڵێ به‌رخان ده‌ژمێرێ
خونچه و گوڵووک و گه‌وه‌ر شه‌م و که‌ژاڵ و دلبه‌ر
زین و مرۆت و ئه‌سمه‌ر له تاوڵی هاتوونه ده‌ر
مامز دایگرتووه شیری ناسک ده‌کوشێ په‌نیری
ناز ده‌شێلێ هه‌ویری کاڵێ ده‌کا نان تیری
ئامان چۆته کوڵێنێ په‌ری مه‌شکه‌ی ده‌ژێنێ
به‌سێ لۆرکی ده‌کوڵێنێ خه‌یاڵ ئاوردووی دێنێ
(هێمن) له‌سه‌ره‌خۆ به نه‌که‌ی بچی بۆ هۆبه
ده‌نا ده‌شکێنی تۆبه ئاور ده‌گری وه‌ک سۆبه
هیمن
به‌هار هه‌ر دێ
له گیاندانا ده‌گوڕڕێنم : بژی هه‌ر کورد و کوردستان
به گولله‌ی دوژمنانی گه‌ل دڵیشم بێته ڕاوه‌ستان
پشووی دواییم ده‌خوێنم بۆ گوڵ و گوڵزاری ئه‌م خاکه
له سایه‌ی ئه‌م گوڵ و گوڵزاره‌یه بوومه هه‌زارده‌ستان
ده‌زانن زامی دیلی چه‌ند به ئێش و چه‌ند به ئازاره !
ده‌بێ ڕابێین هه‌تا ئێمه‌ش ده‌گه‌ینه ڕێزی سه‌ربه‌ستان
خه‌تای خۆمانه تا ئێستا، که هه‌ر وا کۆیله و دیلین
ئه‌وانه‌ی شاد و ئازادن که‌مێ زووتر له خه‌و هه‌ستان
نه‌تاندیوه که ڕووباری خوڕێن به‌ردی ده‌قه‌ڵشێنێ
وه‌هاش هه‌ر زۆر و زۆرداری ده‌سووتێنێ گڕی هه‌ستان
له مه‌یدانی شه‌ڕانخێوی خه‌باتی قه‌ڕنی بیسته‌مدا
سه‌رم سووڕما که ئه‌سپی سووکه‌سواری کو‌ردی بۆ وه‌ستان
وه‌ڵامی دامه‌وه پیرێکی ئازاده‌ی جیهاندیده :
خه‌تای سواران نه‌بوو، پێش سواره‌کانمان قورس و ناوه‌ستان
هه‌تا که‌نگێ سیاچاڵی به‌سامی دوژمنی زاڵم
پڕاوپڕ بێ له ڕۆڵه‌ی گه‌ل، جمه‌ی بێ وا له ده‌س به‌ستان
هه‌تا که‌ی ئه‌شکی خوێنینی کچه کو‌ردی برا کوژراو
له جێی باده و له به‌زمی دوژمنان بدرێته ده‌س مه‌ستان
مه‌ترسن رۆڵه‌کانی قاره‌مانی گه‌ل له گیانبازی
له کۆڕی ئه‌م خه‌باته بی وچانه تاقه یه‌ک هه‌ستان
سه‌هۆڵبه‌ندانی بیدادی ئه‌گه‌رچی تووش و دژواره
به‌ڵام لێم سووره وه‌ک ڕۆژێ، به‌هار هه‌ر دێ له دووی زستان
به خه‌ڵکی عاله‌می سه‌لماندووه تاریخی ئازادی
ده‌بێ زاڵم له‌به‌ر تیکۆشه‌ران به‌رداته‌وه ده‌ستان
هیمن
به‌ره‌و ئاسۆ
سۆفیی گۆشه‌ێ خانه‌قا بووم، ئێسته پیری مه‌یکه‌ده‌م
زاهیدی خه‌ڵوه‌ت نشین بووم، ئێسته مه‌ست و مه‌یزه‌ده‌م
سه‌روی ئازادیش له‌بار و دڵکه‌ش و به‌رزه ، به‌ڵام
گیانه‌که‌م ! من شێت و شه‌یدای لار و له‌نجه‌ی ئه‌م قه‌ده‌م
جیلوه‌یی جوانی له هه‌رچی دا هه‌بێ خۆشم ده‌وێ
ڕۆژێ کوشته‌ی مینی ژۆپ و ڕۆژێ گیرۆده‌ی شه‌ده‌م
هه‌ر یه‌که‌ی بۆ خۆی ده‌جووڵێنێته‌وه هه‌ستی ده‌روون
زه‌رده‌په‌ڕ، کاروانکوژه، تاریک و ڕوونی سوبحده‌م
ئاسمانی ساو و ده‌ریای مه‌ند و تارمایی چیا
سێوی لاسوور و به‌هێی زه‌رد و هه‌ناری گوڵبه‌ده‌م
کێ وه‌کوو من سارد و گه‌رمی ڕۆژگاری چێشتووه ؟
گا له ده‌شتی گه‌رمه‌سێر و، گا له کوێستانی گه‌ده‌م !
وه‌ک شه‌پۆلی زێی خوڕه‌م ساتێ هه‌دادانم نییه
گێژ ده‌خۆم، پێچی ده‌ده‌م، من ڕۆڵه کورده‌ی ئه‌م سه‌ده‌م
ڕێگه سه‌خت و پڕ له که‌ند و له‌ند و هه‌ڵدێر و گه‌وه
هه‌ر ده‌بێ ببزووم، ده‌بێ بکشێم، وچانی لێ نه‌ده‌م
سێبه‌ری مه‌رگم له پێشدایه و به‌ره‌و مه‌نزڵ ده‌ڕۆم
ناخی گۆڕی ته‌نگه جێگام، هه‌ر تل ئاسا بێ قه‌ده‌م
من به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ڕووناکی باڵم گرتووه
چۆن به‌ره‌و تاریکی ده‌خشێم، پاڵ وه شه‌یتانی ده‌ده‌م !
کانیی ڕوونم دی به لێشاوی به‌هار شلوێ نه‌بوو
به‌فری گه‌وره‌م دی چیای گرت و به تاوێ بۆه قه‌ده‌م
ژینی کورتم دی پڕاوپڕ له شانازی و شه‌ره‌ف
عومری زۆرم دی که دوایی هات به ڕیسوایی و نه‌ده‌م
ئاگری سینه‌م بڵێسه‌ی دێ و وڵات ڕۆشن ده‌کا
ئه‌و ده‌مه‌ی خۆم وه‌ک دڵۆپێک ده‌چمه نێو ده‌ریای عه‌ده‌م
1975
هێمن
بلوێری شوان
نیوه‌شه‌وه، دنیا خامۆش
دێته گوێم ئاهه‌نگێکی خۆش
ئاهه‌نگێکی گیان په‌ره‌وه‌ره
شادی هێنه، خه‌فه‌ت به‌ره
ئاهه‌نگێکی دڵنه‌وازه
تاره؟ یۆڵۆنه ؟ یا سازه ؟
نا ... نا ... ئاهه‌نگی بلوێره
جا وه‌ره گوێی بۆ ڕادێره
هه‌زار خۆزگه‌م به خۆت شوانه
که به‌و مانگه شه‌وه جوانه
دانیشتووی له‌سه‌ر ئاوهه‌ڵدێر
په‌نجه ده‌بزێوی له بلوێر
ده‌گه‌ڵ ته‌بیعه‌ت هاوده‌می
شادی، به‌که‌یفی ، بێ خه‌می
ئاغاش به نۆکه‌ر ناگری
وه‌ک من له داخا نامری
وه‌ره شوانه هه‌موو شه‌وێ
نیوه‌ی شه‌وێ، کاتی خه‌وێ
له‌و کێو و نواڵه زه‌نوێره
تێی تووڕێنه له‌و بلوێره
له سه‌ر ترۆپکی ئه‌و کێوه
په‌نجه له بلوێر ببزێوه
با کێوه‌که ده‌نگ داته‌وه
شاعیریش خه‌و بیباته‌وه
1947
هیمن